سەردێر

سەرۆكی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی مامۆستایان دەكات

خەڵك-
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە دۆخ و ڕۆژگارە سەختەكان و لە نەبوونیشدا لە خزمەت و پەروەردەكاری بەردەوام بوون و ڕێگەیان نەداوە پرۆسەی خوێندن بوەستێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، پەروەردەی دروست كۆڵەكە و بنەمای سەرەكیی هەموو كۆمەڵگەیەكی بەئاگا و زیندوو و پێشكەوتووە كە مامۆستایان ڕابەرایەتی دەكەن. ئێستا و داهاتووی نەوەكان ئەمانەتی مامۆستایانە و دووپاتی دەكەینەوە كە مامۆستایانی كوردستان شایستەی خزمەت و گوزەرانێكی باشترن و دەبێ هەموو مافێكیان پارێزراو بێت.

دەقی پەیامەكەیە:
پەنجا و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە گەرمی لە تەواوی مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان پیرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. ئەرك و خەباتی پەروەردەیی و خزمەتی گەورەیان بۆ نەوەكانی كوردستان، بەرز و بە پێزانینەوە هەڵدەسەنگێنین.

مامۆستایانی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا لەخۆبوردووانە و بە دڵسۆزی ڕۆڵی بەرچاو و گەورەیان لە پەروەردەكردن و پێگەیاندن و فێركردنی نەوە لەدوای نەوەی كوردستاندا گێڕاوە و لە دۆخ و ڕۆژگارە سەختەكان و لە نەبوونیشدا لە خزمەت و پەروەردەكاری بەردەوام بوون و ڕێگەیان نەداوە پرۆسەی خوێندن بوەستێت، بۆیە هەمیشە مایەی سوپاس و دەستخۆشی و ڕێز و ستایشن.

پەروەردەی دروست كۆڵەكە و بنەمای سەرەكیی هەموو كۆمەڵگەیەكی بەئاگا و زیندوو و پێشكەوتووە كە مامۆستایان ڕابەرایەتی دەكەن. ئێستا و داهاتووی نەوەكان ئەمانەتی مامۆستایانە و دووپاتی دەكەینەوە كە مامۆستایانی كوردستان شایستەی خزمەت و گوزەرانێكی باشترن و دەبێ هەموو مافێكیان پارێزراو بێت.

سڵاو لە مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان و یادی دامەزراندنی یەكێتییەكەیان پیرۆز و شكۆدار بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/5/15