سەردێر

حكومەتی هەرێم سندوقێك بۆ كۆكردنەوەی زەكات دادەمەزرێنێت

خەڵك

دوای ئەوەی یاسین مەحمود سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایگەیاند:” لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 هەزار كەس سامانەكانیان سەرووی (5) ملیۆن دۆلارە و 13سەرمایەداریش لە سەرووی ملیار دۆلارەوەن، بەڵام لەڕووی دەركردنی زەكاتەوە لە هەرێمدا ڕێوشوێنی گونجاومان نییە، بەشێوەیەكی پەرت و بڵاو زەكات دەدرێت و كۆدەكرێتەوە”، حكومەتی هەرێمی كوردستان سندوقێك بۆ كۆكردنەوەی زەكات و خێر دامەزرێنێت و ئەنجومەنێكی 9 كەسی سندوقەكە بەڕێوەدەبەن، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی سەرۆكایەتی دەكات.

ئیبراهیم محەمەد بەرزنجی، بەڕێوەبەری توێژینەوە و ئیرشاد لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، كە یەكێكە لەو كەسانەی زانیاریی تەواوی لەسەر پڕۆژەكە هەیە، بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە،”وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بڕیاری بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی سندوقی زەكات و خێر داوە و بەمنزیكانە فەرمانی بۆ دەردەچێت و ئەنجومەنێكی بۆ دروستدەكرێت كە بەپێی یاسای 55ی ی ساڵی 1987ی عیراقی كاردەكات”.

ئیبراهیم محەمەد بەرزنجی وتیشی:”سندوقەكە بۆ كۆكردنەوەی پارەی زەكات و خێرە و دەمانەوێت لەو ڕێگەیەوە باشتر پارەی زەكات دابەشبكرێت. سندوقەكە هەژماری بانكی بۆ دەكرێتەوە و شەفافانە كارەكانی ڕادەپەڕێندرێن؛ لە هەموو شوێنێكەوە پارە وەردەگرێت و خەڵك ئازادە زەكات بداتە سندوقەكە یان بە شوێنی تر، واتە ئێمە بەزۆر پارە لە خەڵك وەرناگرین”.

لەبارەی سوودمەندان لە سندوقەكە، بەڕێوەبەری توێژینەوە و ئیرشاد لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو كەسانەی كە شیاون دەتوانن سوودمەند بن لێی، هەروەها حكومەت لە كوێ پێویستی بە پڕۆژەی خێرخوازی وەكو خوێندنگا یان نەخۆشخانە هەبوو سندوقەكە دەتوانێت هاوكار بێت”.

سەبارەت بە وردەكاریی دامەزراندنی سندووقەكەش، ئیبراهیم محەمەد بەرزنجی ڕوونیكردەوە، “پێشتر دوو پڕۆژەمان بۆ ئەم مەبەستە لەبەردەستدا بوو. یەكێك لەو پڕۆژانە ساڵانێك پێوەی سەرقاڵ بووین و دواجار بۆ ئەنجومەنی شوورامان نارد، بەڵام ڕەزامەندییان لەسەر دەرنەبڕی. دواجار بۆ دامەزراندنی سندوقێك پشتمان بە یاسای ژمارە 55ی ساڵی 1987ی عیراق بەست كە تایبەتە بە دامەزراندنی سندوقی زەكات”.

بەڕێوەبەری توێژینەوە و ئیرشاد لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی گوتیشی، “بۆ كورتكردنەوەی رێگەكە پشتمان بەو یاسایە بەست، چونكە ئەگەر یاسایەكی خۆمان هەبووایە كاتی زۆری دەویست و دەبووایە بچووبایەتە ئەنجوومەنی شوورا و دواتر بۆ پەرلەمان و لەوێ كاتی زۆری دەویست و دوادەكەوت”.

بەپێی یاسای سندووقی زەكاتی عیراق ژمارە 55ی ساڵی 1987، سندوقێك بۆ كۆكردنەوەی پارەی زەكات پێكدەهێنرێت و داهاتەكانی لە بەرژەوەندیی گشتی لە كارە خێرخوازییەكان خەرج دەكرێت.

لە یاساكەدا هاتووە ئەنجومەنەكە لە نۆ كەس پێكدێت كە ئەمانەن:

-وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی – سەرۆك.
-سێ گەورە زانای ئایینی، وەزیری ئەوقاف دەستنیشانیان دەكات.
-دادوەرێك، وەزیری داد بە ئەندام دیاری دەكات.
-دوو كەسایەتیی دیاری ئیسلامی و كۆمەڵایەتی، وەزیری ئەوقاف دیارییان دەكات.
-نوێنەری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری كار دیاری دەكات.
-بەڕێوەبەری سندوق، وەزیری ئەوقاف دیاری دەكات.

 

پێشتر، یاسین مەحمود سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو؛ گەر سەرمایەدار و دەوڵەمەندەكانی هەرێمی كوردستان وەك پێویست زەكات لە سامانەكانیان بدەن، سوودێكی زۆری بۆ هەژار و كەمدەرامەتان دەبێت و ئەوەش دەخاتە ڕوو كۆی پارەی زەكاتی دەوڵەمەندەكانی كوردستان، زیاتر لە 750 ملیۆن دۆلارە، بەڵام لەڕووی دەركردنی زەكاتەوە لە هەرێمدا ڕێوشوێنی گونجاومان نییە، بەشێوەیەكی پەرت و بڵاو زەكات دەدرێت و كۆدەكرێتەوەكە بەو پارە زۆرەی زەكاتی سەرمایەداران دەتوانرێ چەند كاری گرنگ و گەورە ئەنجام بدرێن”.