سەردێر

لە ڕەمەزاندا هاوكاری نزیكەی 6 هەزار كەمئەندام كراوە

خەڵك-
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە ماوەی ڕەمەزاندا هاوكاری نزیكەی 6 هەزار كەمئەندام كراوە و زیاتر لە 350 ملیۆن دیناریش وەك هاوكاری دابەش كراوە لەگەڵ چەندین سەبەتەی خۆراكی و جلوبەرگ.

سامان حسێن، لێپڕسراوی گشتی یەكێتتی كەمئەندامانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا بە هەوڵیی خێرخوازان توانراوە هاوكاری و پارە و خۆراك بگەیەنرێتە 5 هەزار و 840 كەمئەندام، كە بەشێكیان بە پارە و بەشێكیان بە خۆراك و بەشێكیان بە جلوبەرگ بووە.

ڕاشیگەیاند، كۆی 3 هەزار و 327 كەس پارەیان پێ‌ دراوە و هەزار و 540 كەسیش پارە و خواردن و 2 هەزار و 500 كەسیش گۆشت و مریشك و پارەیان پێ‌ دراوە.

ئاشكراشی كرد، كۆی ئەو پارەیەی دابەشكراوە بەسەر كەمئەنداماندا 351 ملیۆن و 866 هەزار دینار بووە و هەروەها 2 هەزار و 76 سەبەتەی خۆراكی دابەشكراوە.

دەشڵێت: “ئەمرۆ كە دوا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە یەك حزبی كوردستانی ھاوكاری كەمئەندامانی نەكرد تەنانەت بەیەك كیلۆ برنج”.