سەردێر

ئادابەكانی ڕۆژانی جەژن لەڕووی شەرعییەوە چیین؟

خەڵك-
سبەینێ‌ پێنج شەممە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە بە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری كرا و مامۆستایەكی ئایینی-ش باس لە ئادابەكانی ڕۆژانی جەژن دەكات و دەڵێت: “جەژن مایەی خۆشیە و دەبێت خەندە و خۆشی ببەخشی بە بەرامبەرەكەت”.

مەلا ئەحمەد قامیشی، مامۆستای ئایینی لە سلێمانی لە كورتە وتارێكی تایبەت بە (ئادابەكانی ڕۆژانی جەن) كە بۆ (تۆڕی میدیایی خەڵك) تۆماركراوە تیشك دەخاتە سەر چەند ئادابێكی تایبەت بە ڕۆژانی جەژن.

وەك ئەو مامۆستا ئاینییە ئاماژەی پێ دەكات، جەژن واتا خۆشی و شادی دەربڕین و خۆشحاڵكردنی بەرامبەرەكەت وەك چۆن پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی (بزە و پێكەنین خستنە سەر ڕوخساری براكەت بە چاكە حسابە).

دەشڵێت: “جەژنی ڕەمەزان واتە خۆشی و شادی بۆ ئەوانەی بەڕۆژووبوون نەك بۆ ئەوەی ڕۆژووەكەیان لەكۆڵ بۆتەوە، بەڵكو بەهۆی ئەوەی فەرمانی خودایان جێبەجێ‌ كردووە”.

مەلا ئەحمەد ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەكات بۆ ڕۆژانی جەژن و دەڵێت: “خۆشۆردن سوننەتە و كام جلەی جوانە ئەوە بپۆشن و پێش چوون بۆ مزگەوت چەند دەنكە خورمایەك بخۆن و دوای نوێژ بەپەلە دەرمەچن قەرەباڵغی دروست مەكەن و بەڕیز جەژنە پیرۆزە لەیەكتری بكەن”.

ئەو مامۆستا ئایینیە دەشڵێت: “لە ڕۆژانی جەژندا مەچن بۆ سەرقەبران، چونكە بەداخەوە خەڵكانێك لە ڕۆژانی جەژندا لەبری دڵخۆشكردنی خەڵك، دەچێت پرسەكان زیندوو دەكاتەوە”.

داواش لە فرۆشیاران دەكات لە جەژندا شمەك و كاڵا گران نەكەن و ترەقەی منداڵان نەفرۆشن و دەڵێت: “تێكەڵی كوڕ و كچان لە پاركەكان دروست نییە و هەندێك لە كەناڵەكانیش ڕەواج دەدەن بە بەرنامەی ناشەرعی لەڕۆژانی جەژندا لەكاتێكدا لە ڕەمەزاندا خۆیان هیچ بایەخێكیان بە ڕەمەزان نەداوە، كەچی بۆ جەژن لەهەمووان بەپەلەترن”.