سەردێر

عەلی باپیر بۆ وڵاتانی عەرەبی: پەیوەندییەكانتان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن

خەڵك-
عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەو رۆژە بەدوورنازانێت “قەوارەی ئیسرائیل كۆتایی بێت لە نیشتمانی ئیسلامیدا و یەكەمین قیبلەی موسڵمانان و سێیەم حەڕەمی موسڵمانان كە مزگەوتی ئەقسایە ڕزگاری ببێت”.

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەبارەی هێرشە سەربازییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا، لە دیمانەیەكی لەگەڵ ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركی، رەخنەی توندی لە وڵاتە مسوڵمانەكان گرت و ڕایگەیاند” دەبێت موسڵمانان زیاتر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامییەتی خۆیان، ئەگەر بیانەوێت زیاتر نیشانەی پرسیاریان نەكەوێتەسەر و زیاتر كەڕامەتیان نەوڕوشێت، پێویستە هەڵوێست وەربگرن.

ئەوەشدەخاتەڕوو، كە هەڵوێست وەرگرتن هەر ئەوەنیە كە ئیدانەی كردارەكە بكرێت، بەڵكو ئەگەر دەوڵەتانی عەرەبی شەهامەتیان هەیە ئەوا پەیوەندییەكانییان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەڵپەسێرن و یارمەتی مەزڵوومە فەڵەستینییەكان بدەن”.

بە وتەی عەلی باپیر”قەوارەی زایۆنی كە لە ساڵی 1948 دامەزراوە و یەكەمین دەوڵەت كە دانی پێدانا وڵاتی ئەمریكا بوو، دواتر وڵاتانی فەڕەنسا، بەریتانیا و یەكێتی سۆڤیەتی ئەوكات، ئەو قەوارەیە بە ئازایەتی جوولەكە دروست نەبووە، بەڵكو بە دەست لەپشتدانی وڵاتانی زلهێز بەتایبەت ئەمریكا دروست بووە، خودی قەوارەكە گوزارشت لە گەلی جوولەكە ناكات، بەڵكو جووڵانەوەی زایۆنیزم و سەهیۆنیەت لە كۆتاییەكانی سەدەی ١٩ بونیادنرا، كە بزووتنەوەی سەهیۆنی تەبەنی ئەوەیان كرد كە وڵاتێك دروست بكەن بۆ گەلی جوولەكە، هەڵبەتە پێشتر بیریان لەوە كردەوە كە یەكێك لە وڵاتە ئەورووپییەكان بكەنە گەلی جوولەكە، دواتر هاتنە سەر ئەوەی كە لە فەڵەستین دروستی بكەن و لەوێ ئاسانتریان دەست نەكەوت، واتا ئەو قەوارەیە هەر ریشە و بونیادنانەكەی زوڵم و ستەمێك بووە لە گەلی فەڵەستین كرا”.

عەلی باپیر دەڵێت: “ئەو قەوارەیە ناتوانێت بەردەوام بێت، مەگەر بە زەبر و زەنگ، چونكە لە بنەڕەتدا بە شەڕ دروست بووە، وا پێدەچێت كە ئەمریكا و ئەورووپا كاریان پێی هەبێت و هەندێك ئامانجی پێ دەپێكن و فشار لەسەر هەندێك دەوڵەت دروست دەكەن”.