سەردێر

نەتەوە یەكگرتووەكان: ئازادی لە هەرێمی كوردستان لەبەرتەسكبوونەوەدایە

كۆمەڵی نێودەوڵەتی هاتەسەر خەت

خەڵك-
ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بە بەرتەسكبوونەوەی زیاتری ئازادی ڕادەربڕین دەكات لە هەرێمی كوردستان و دەڵێت، ئەوانەی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن، نەك هەر ڕووبەڕووی مەترسی تۆقاندن و كۆتوپێوەند بەسەر جموجۆڵ و دەستگیركردنی كوێرانە دەبنەوە، بەڵكو هەندێكیان بە ناوزڕاندن تۆمەتبار دەكرێن، هەندێكیشیان لەم ماوەیەی دواییدا بەپێی یاسای ئاسایشی نیشتمانی دادگایی كران.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن نوسینگەی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەككگرتووەكان و نێردەی یۆنامی بڵاوكرایەوە”شێوازێك مایەی نیگەرانییە كە لە ماوەی نێوان ئاداری 2020 بۆ ئاداری 2021 لە كوردستان بەدی كرا ئەویش، بەئامانجگرتنی ئەو كەسانەیە مافی یاسایی خۆیان پیادە دەكەن و ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی گشتی دەگرن لە هەرێمی كوردستان”.

میشێل باتشیلیت، كۆمسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان لە بواری مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند”لەگەڵ داننان بەوەی كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی ئاڵانگاریی دەگمەن دەبنەوە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەنجامە سەرەكییەكانی ئەم ڕاپۆرتە مایەی نیگەرانییەكی زۆرن، بە تایبەت هەڵسوكەوتی دەزگا ئەمنییەكان، و جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانن، و پابەندنەبوون بەو یاسایانەی پەیوەستن بە ڕێكار و پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤ”.

باتشیلیت بەپێویستی دەزانێت”كۆمەڵگە دیموكراتەكان میدیا و چالاكوان و ڕەخنەگرییان هەبێت، تا بتوانن پرسە گشتییەكان ڕووماڵ بكەن، بەبێ‌ چاودێری و ترس، بە هەمان شێوە هاووڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە زانیاریی دەستەبەربكەن”.

لای خۆیەوە، جینین هینیس بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عیراق ڕایگەیاند”بەرچاوڕوونی و لێپرسینەوە و كرانەوە بەڕووی بانگكردندا، كارێكی گرنگە بۆ دیموكراتە شیاوەكان”.

ڕاپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان هاندەدات، “ڕێكاریی بەپەلە بگرنە بەر بۆ فەراهەمكردنی مافی تەواوەتی ڕادەبڕین و كۆتایی هێنان بە تۆقاندن و چاوسوركردنەوە و تۆڵەكردنەوە لەو ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانەی بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ دەكەن”، داواشی كرد دەسەڵاتدارانی هەرێم “یاساكانی تاوان وەك ئامراز بەكارنەهێنن بۆ پێوەندكردنی ئازادی ڕادەبڕین، بە وازهێنان لە دەستگیركردن یان دەستبەسەركردنی ئەوانەی بەشێوەیەكی یاسایی نەیاریی و ناڕەزایی خۆ یان دەردەبڕن”.