سەردێر

ماجید خەلیل: هێزە سیاسییەكانی هەرێم وابەستەی وڵاتانی هەرێمین

"وابەستەبوونێكی نەتەوەیی ستراتیژیانە بۆ ئایندەی هەرێم نییە نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا"

خەڵك-تەنیا هەورامی

 

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، بەداخەوە هێزە سیاسییەكانی هەرێم هێزگەلێكی پەرتوبڵاون لە ڕووی میتۆد و بیركردنەوەوە بەشێكیان وابەستەن بە وڵاتانی هەرێمییەوە، بەشێوەیەك حزبەكان پەیوەندییەكانیشان لەگەڵ وڵاتانی هەرێم دابەش كردووە.
ماجید خەلیل مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی لە دیمانەیەكدا تیشكدەخاتە سەر ئەو گرفتانەی لە ئێستادا هەرێمی كوردستان و دانیشتوانەكەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، هاوكات بێ بەرنامەیی حزبەكان بۆ داهاتووی هەرێم هۆكاری سەرەكییە بۆ توانەوەی ئەم كیانە.

خەڵك: چۆن لە ئایندەی هەرێم دەڕوانیت؟
ماجید خەلیل: ئاسانترین شت بۆ قسەكردن لەسەر ئایندە، ئایندەی هەرێمی كوردستانە، چونكە هەمیشە دیوێكی ئایندە بۆ هەرێم گرەنتی قسەكردنی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە خوێندنەوەیەكی ڕەشبینانەیە.

خەڵك: بۆچی هێندە ڕەشبین؟
ماجید خەلیل: چونكە لە هەرێم خاوەنی كیانێكی سیاسی ناجێگیرە، هەم لە پەیوەندییە هەرێمییەكانماندا كە ناڕاستەوخۆن، چونكە سەرچاوەی پەیوەندییەكانمان لە بەغدایە و لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و پەیوەندی فەرمیش نین و زیاتر پەیوەندی شەخسی و بازرگانین، پەیوەندییەك نییە لەسەر بنەمای یاسایی و پەیوەندییەكی شەفاف بە هۆشداری پەڕلەمانی كوردستان بنیات نرابن، ئایندەی ئەم جۆرە پەیوەندیانەش لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیدا ئایندەیەكی ڕەشبینانەیە، دەزانین ئاڕاستەكەش بەرەو كوێیە.

خەڵك: پێتوایە لە ناوخۆی هەرێمدا لایەنە سیاسییەكان چۆنن؟
ماجید خەلیل: لەناوخۆدا دیسانەوە پەیوەندی هێزەكانی ئێمە پەیوەندییەكی ناجێگیرە و بەرژەوەندی تێیدا ڕەچاو نەكراوە، وابەستەبوونێكی نەتەوەییانەی بیركردنەوە لە سیاسەتێكی ستراتیژیانە بۆ ئایندە بوونی نییە نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا.

خەڵك: خوێندنەوەت بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان چییە؟
ماجید خەلیل: بەداخەوە لە ئێستادا دەزانین هەرێم كەوتووەتە نێو بازنەیەكی تەنراو بە قەیران و نابەرابەرایەتی لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و زیادبوونی فشاری جەماوەرییەوە، هێزە سیاسییەكانمان هێزێكی پەرتوبڵاون لە ڕووی میتۆد و بیركردنەوە، بەشێكیان وابەستەن بە وڵاتانی هەرێمییەوە، بەشێوەیەك حزبەكان پەیوەندییەكانیشان لەگەڵ وڵاتانی هەرێم دابەش كردووە، ئەو وڵاتانەش بەهیچ جۆرێك لە ستراتیژیاندا شتانێك نەبووە بەرانبەر بە مافی ڕەوای ئەم خەڵكە بیریان لێكردبێتەوە، ئەمەش وایكردووە تۆڕی بەرفراوانی هەواڵگیری و بەرژەوەندی ئابووری بهێنرێتە نێو ئەم هەرێمەوە.

 

هێزە سیاسییەكانمان هێزێكی پەرتوبڵاون لە ڕووی میتۆد و بیركردنەوە، بەشێكیان وابەستەن بە وڵاتانی هەرێمییەوە، بەشێوەیەك حزبەكان پەیوەندییەكانیشان لەگەڵ وڵاتانی هەرێم دابەش كردووە

 

خەڵك: بۆچی هێزەكان لە دەرەوە بەم شێوەیە بیردەكەنەوە، ئەی لەنێو خۆیاندا هەڵسوكەوتیان چۆنە؟
ماجید خەلیل: هێزە سیاسیییەكانی ئێمە جگە لەوەی لەگەڵ یەكدا ناتەبان، لەنێو خۆشیاندا ناتەبان و پڕۆژەی ئەملاولا لەنێوایاندا چالاكە، هەموو ئەو خوێندنەوانە بە پشت بەستن بەو واقیعە سیاسییە دەگوزەرێت كە ئێمە قسەی لەسەر دەكەین، لەبەرئەوە ئێستا خۆمان لە كیانێكدا دەبینینەوە كە كۆمەڵێك هێزی ناتەباو و پەرتەوازە تێیدا دەژین و سەرلەبەریان بە بچوكترین ئاڕاستەی دەرەوە بە گژیەكدا دەچن و ئاشتیش بكەن، هەروەك چۆن لە ڕابردوودا ئەمە ڕوویداوە.

 

هەموو ئەگەرەكان ئەوەمان پێدەڵێن كۆنتڕۆڵی كلتورە سیاسییەكان لە دەستی هێزە سیاسییە كوردییەكاندا نییە

 

خەڵك: كەواتە سیاسەتی هێزە كوردییەكان لەدەست خۆیاندا نییە بەو شێوەیە؟
ماجید خەلیل: هەموو ئەگەرەكان ئەوەمان پێدەڵێن كۆنتڕۆڵی كلتورە سیاسییەكان لە دەستی هێزە سیاسییە كوردییەكاندا نییە، هەوڵێك یان هێزێكی دیاریكراو نییە لە هەرێم كە بە ئایندەبینیانە بیربكاتەوە، ئێستا هەست دەكەین باندگەلێك لەم ئەزموونەدا كارەكان ڕادەپەڕێن كە لەسەرپێن بۆ ئەوەی بەشێوازێكی تاكتیكی ژیانی سیاسی بەرژەوەندخوازانەی خۆیان ئاڕاستە بكەن و هەڵبێن، چونكە ئایندەی خۆیان بە هەڵهاتن لەم وڵاتە دەبیننەوە، هیچكاتێكیش پڕۆژەیەكی دوور مەودایان پێنییە كە لەم وڵاتەدا پیادەی بیكەن، لەبەرئەوە هەروەكو دەوترێ، هەر یەكێك لەوانە كە قودرەتی قۆناغەكە ئاڕاستە دەكات ڕەگەزنامەی وڵاتێك لە گیرفانیدایە كە هۆكارە لە دنیابینی ئەم وڵاتە كە باوەڕی پێی نییە.

خەڵك: باشە دانیشتوانی هەرێم چی بكەن؟ بۆ دەرباز بوون لەو دۆخەی باسی دەكەیت؟
ماجید خەلیل: خەڵكی هەرێم بیركردنەوەی یەكلاكەرەوەی نییە چی بكات، لەبەرئەوەی ئێمە ئەزموونی 30 ساڵ خوێندنەوە، لەسەر بنەمای میتۆدێكی پەروەردەیی و باوەڕێكی بایەخدان وڵاتەكەی گۆش نەكراوە، دەتوانین بڵێین نەوەیەكی نەخوێندەوار بە بیری نەتەوەیی گۆش كراوە، لەبەرئەوە چاوەڕێی هەڵهێنجانی هێزێكی مەعریفی كە داهێنەری پڕۆژەیەك بێت بۆ ئەم وڵاتە نابینرێت، هەر بۆیە تەماشا دەكەین هەموو ئەو پڕۆژانەی كە هۆكارن لە ئاشتی و وڵات بەرەو ئارامی دەبەن، پڕۆژەی شكسخواردوو بوون.

خەڵك: پێتوایە فریادڕەسێك بۆ دەربازبوون لەم دۆخە لەدایك نەبێت؟
ماجی خەلیل: هەموو ئەو بزووتنەوانەی لەبەرانبەر هێزی دەسەڵاتدا راست بوونەوە دەبینین نەیانتوانیوە ئامانجەكەیان بپێكن، دەیبینین ئەوانیش چوونەتە هەمان ئەو بازنە گەندەڵ و گەمەچییەی كە دەسەڵاتی تێكەوتووە، ئەو نەوەیەی ئێستا هەیە چاوەڕوانی ئاسۆیەكە بۆ ئەم وڵاتە بیری لێدەكاتەوە خاوەنی پڕۆژەیەك نییە بۆ گۆڕانكاری.

هەمیشە ڕووداوەكان كە هاتوونەتە پێشەوە لەم وڵاتە قەدەر هێناویەتی، هەروەك چۆن قەدەری هەلومەرجە نێودەوڵەتییەكە وایكرد ئەم ئەزموونە دروست بێت

خەڵك: دواجار چارەسەری دۆخەكە چۆن و كەی دەبێت؟
ماجید خەلیل: هەمیشە ڕووداوەكان كە هاتوونەتە پێشەوە لەم وڵاتە قەدەر هێناویەتی، هەروەك چۆن قەدەری هەلومەرجە نێودەوڵەتییەكە وایكرد ئەم ئەزموونە دروست بێت، نەك ئەو شۆڕشەی كورد چەندین ساڵە شانازی پێوە دەكات، پێمانوایە گۆڕانكارییەكی نێودەوڵەتی یان هەلومەرجێكی دیكەی قۆناغەكە دەتوانێت گۆڕانكاری دروست بكات، ئەو گۆڕانكارییەش ئەگەر بڵێن بەرەو باشبوون چوونە، لەوانەیە ڕاستمان نەوتبێت.