سەردێر

وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری مەترسیدار دەدات

خەڵك-

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پێشتر چەندینجار هۆشداریان دابوو، لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقی، بەو هۆیەوە تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان ڕێكبخەنەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەماوەی ڕابردوودا، چەندینجار هۆشداریمان دابوو، لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان ڕێكبخەنەوە و لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەركەوتوونەتەوە.
ئاشكراشیدەكرد، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش، ماوە ماوە كردەوەیەكی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، كاتژمێر 10:30 خولەكی شەوی 11ی ئایاری 2021 تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێكی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیاندا، لەسنووری قەزای كفری و لەئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆكانە، پێشمەرگەیەك بەناوی موحسین حسێن گەرەوەیی شەهید بوو.
ڕوونیشیكردەوە، پەلامارەكە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ دراوەتەوەو تیرۆریستان ڕاونران.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە، تیرۆرستان جوڵەو بزاوتەكانیان زیادبووە و لەئێستادا شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوە و بەردەوام مەترسی دروست دەكەن.

ئەوەشی خراوەتەڕوو، بۆ ڕێگریكردن لەم ڕووداوانە و تێكشكاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە، بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەئاست ئەو كردەوانە بێدەنگ نابێت و لەكاتی خۆیدا وەڵامی توندی دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بەخەڵكی كوردستان، كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان، وەك هەمیشە پارێزراوەو پێشمەرگەش جێگای باوەڕو متمانەی هەموو لایەكە.