سەردێر

سەرۆكی هەرێم، داوای چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی فەلەستین دەكات

خەڵك-

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نیگەرانین كە شوێنە پیرۆزەكان كراونەتە ئامانج و داوای چارەسەری ئاشتییانە دەكەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئایاری 2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هەست بە نیگەرانی دەكەین، لەو كردەوە توندوتیژییانەی بەم دواییە لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیل درووستبووە، كە هاووڵاتیان، بەتایبەتیش منداڵان كراونەتە ئامانج.

ئاشكراشیكرد، نیگەرانین كە شوێنە پیرۆزەكان كراونەتە ئامانج و داوای چارەسەری ئاشتییانە دەكەین، لەهەمانكات داواكارم هەموو لایەك دانبەخۆیاندا بگرن.

بەهۆی پێكدادانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان نزیكەی 60 كەس كوژراون و بە سەدان هاووڵاتیش بریندار بوون، هاوكات زیانی مادی زۆریش بە هەردوولا گەیشتووە.