سەردێر

3 كەس كێبڕكێی بردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی سوریا دەكەن

خەڵك-

باڵیۆزی سوریا لە ئێران ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە 26ی ئەم مانگە هەڵبژاردنەكانی سوریا بەڕێوەبچێت.
شەفیق دیوب باڵیۆزی سوریا لە ئێران بە میدیای ئێرانی ڕاگەیاند، بڕیارە هەڵبژاردنەكانی سوریا لە 26ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
وتیشی”ئەمریكا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ شكستپێهێنانی هەڵبژاردنەكان”.

ئاشكراشیكرد، خۆشبەختانە 50 كەس خۆیان كاندید كردووە و لەو ژمارەیەش 3 كەس جێگیر كراون و دەتوانن كێبڕكێی بردنەوەی پۆستەكە بكەن كە بریتین لە بەشار ئەسەد، عەبدوڵڵا عەبَدوڵڵا و مەحمود مورعی.

ئەمەش لەكاتێكدایە، فەتحوڵڵا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنەكانی سوریا لە ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوەناچێت، چونكە ئەو هەڵبژاردنانە شەرعی نین.

وتیشی”پێش هەڵبژاردنەكان دەبێت چارەسەری كێشە سیاسییەكان و دابینكردنی قوتی خەڵك و پاراستنی سنووری سوریا، یەكلایی بكرێتەوە ئەوكاتە هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام ئەو سەرۆكەی ئێستا چارەسەری كێشەكانی لا نییە و كەس قبوڵی ناكات”.

سەبارەت بە فشاری ئەمریكا و ڕوسیا لەسەر كورد تاكو بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، ناوبراو ئاشكراشیكرد، فشارمان لەسەر نییە بۆ بەشداریكردن، ئەوە بڕیاری خۆمانە و ئەو هەڵبژاردنانە لە هەرێمی ڕۆژئاوا و باكوری سوریا نەكرێت.

وتیشی: حكومەتی سوریا بۆ هەموو سوریا نییە، هەڵویستیان نییە و بەشار ئەسەد تەنها لە ناوچەیەكی بچوك حوكم دەكات و دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی هەرێمی ڕۆژئاوا و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی نییە.