سەردێر

وردەكاری دامەزراندنی كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان بڵاوكرایەوە

خەڵك-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وردەكاری دامەزراندنی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەكانی داهاتوودا لینكی پڕكردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن كارادەكرێت.

نووسینگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە دوو میکانیزم کارمەندانی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت، كە بریتین لە فەرمانبەران و توێژی دەرچوان و خوێندكاران.

ڕاشیگەیاندووە، میكانیزمی یەکەمیان بریتییە لە کارمەندانی دەوڵەت، كە بەپێی چەند مەرجێک دەبێت پێشکەشکار لەبڕوانامەی ئامادەیی کــەمتری نەبێت هەروەها (پاڵێوراو یان بریکاری قەوارەی سیاسی یان چـاودێر) نەبێت، هـەروەک بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەری وێســتگەکان ڕەچاوی بەرزترین پلەی وەزیفی ‌و تایبەتمەندیی خوێندن دەکرێت.

ڕاشیگەیاند، دووەم میكانیزم توێژی خوێندکاران ‌و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکـــان دەگرێتەوە، بەرەچـاوکردنی چەند مەرج ‌و ڕێنماییەک.

ڕوونیشی كردۆتەوە، لەئێستادا هیچ داواکارییەک وەرناگیرێت ‌و کۆمسیۆن لەکاتی خۆیدا لەڕێگای پێگە و پەیجە فەرمییەکانیەوە ماوە و ڕێکارەکانی ئەم دامەزراندنە بڵاودەکاتەوە.