سەردێر

لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا ئاگاداری ئەم حاڵەتە بە!

خەڵك-

ڕێنمای هاووڵاتیان دەكرێت، كە لە یەكەم ڕۆژی جەژن دوربكەونەوە لە زۆر خواردن و شیرینی و خواردنە خێراكان، چونكە دەبنە مایەی تێكچوونی گەدە و تەندروستی هاووڵاتیان تێك دەچێت.

لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە هاووڵاتیان لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دوربكەونەوە لە زۆر خواردن و دوربكەنەوە لە شیرینی و خواردنە خێراكان، چونكە ماوەی 30 ڕۆژە لە ڕۆژدا دووربون لە خواردن، پێویستە ئاگاداری خۆیان بن.

ڕاشیگەیاند، ئێستا گەدەی ڕۆژووەوانان بچووك بۆتەوە و توانای ئەو خواردنەی جارانی نەماوە و نامۆ بووە بە خواردن لە ڕۆژدا، بۆیە دەبێت هاووڵاتیان ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن.

وتیشی: “زۆر خواردن لە ڕۆژانی جەژن، خواردنی شیرینی، توشی گەدە تێكچوون و ترشانمان دەكات، مرۆڤ گێژ دەكات و توانای هیچی نامێنێت، ئەو خۆراكەشی كە دەیخوات دەبێت بە ژەهر و تووشی ڕشانەوە و سكچوون دەبێت، پەستانی خوێنیشی بەرز دەبێتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان بە ڕێژەیەكەم نان بخۆن تا گەدەیان ئاسایی دەبێتەوە.