سەردێر

“هەڵبژاردنەكانی سوریا لە ڕۆژئاوا بەڕێوەناچێت”

خەڵك-

ئەندامێكی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنەكانی سوریا لە ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوەناچێت.

بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنەكان لە سوریا بەڕێوەبچێت و بەپێی زانیاییەكانیش تاكە كاندیدی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆكایەتی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئێستای ئەو وڵاتەیە، هاوكات ئەو هەڵبژاردنانە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە لە بەشێكی زۆری ئەو وڵاتە بەڕێوەناچێت.

فەتحوڵڵا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنەكانی سوریا لە ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوەناچێت، چونكە ئەو هەڵبژاردنانە شەرعی نین.

وتیشی”پێش هەڵبژاردنەكان دەبێت چارەسەری كێشە سیاسییەكان و دابینكردنی قوتی خەڵك و پاراستنی سنووری سوریا، یەكلایی بكرێتەوە ئەوكاتە هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام ئەو سەرۆكەی ئێستا چارەسەری كێشەكانی لا نییە و كەس قبوڵی ناكات”.

سەبارەت بە فشاری ئەمریكا و ڕوسیا لەسەر كورد تاكو بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، ناوبراو ئاشكراشیكرد، فشارمان لەسەر نییە بۆ بەشداریكردن، ئەوە بڕیاری خۆمانە و ئەو هەڵبژاردنانە لە هەرێمی ڕۆژئاوا و باكوری سوریا نەكرێت.

جەختی لەوەش كردەوە، حكومەتی سوریا بۆ هەموو سوریا نییە، هەڵویستیان نییە و بەشار ئەسەد تەنها لە ناوچەیەكی بچوك حوكم دەكات و دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی هەرێمی ڕۆژئاوا و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی نییە.