سەردێر

نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی گرژییەكانی قودس هۆشداری دەدات

خەڵك
نەتەوەیەكگرتووەكان ھۆشداری دا لەوەی كە گرژییەكانی قودسی رۆژھەڵات دەبێتە ھۆكاری زیاتری توندوتیژی و گیانلەدەستدان.

ستێفان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆی رایگەیاند، ئەوان لەبارەی رووداوەكانی توندوتیژی قودسی رۆژھەڵات و گواستنەوەی خێزانە فەڵەستینییەكان لە گەڕەكەكانی شێخ جەراح و سیلڤان ھەست بە نیگەرانی قوڵ دەكەن.

ئەو وتەبێژە ھۆشداری دا لەوەی كە گرژییەكانی قودسی رۆژھەڵات دەبێتە ھۆكاری زیاتری توندوتیژی و گیانلەدەستدان و داوای لە ھەموو لایەنەكان كرد كە لەسەرخۆبن.

دوجاریك لەبارەی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو پەیوەندیدار بە برینداركردنی سێ پەیامنێری ئاژانسەكە لە گرژییەكانی مزگەوتی ئەقسا، گوتی: “دژی ئەوەین رێگری لە كاری رۆژنامەنووسان بكرێ لە ھەر دۆخێكدا بێت”.

پێشتر ئەنتۆنیۆ گۆتەرێز، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندبوو كە لەبارەی رووداوەكانی توندوتیژی قودسی رۆژھەڵات و گواستنەوەی خێزانە فەڵەستینییەكان لە گەڕەكەكانی شێخ جەراح و سیلڤان ھەست بە نیگەرانی قوڵ دەكات و بانگھێشتی ئیسرائیلی كردبوو كە لە روانگەی مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتی، پرسی گواستنەوەی خێزانە فەڵەستینییەكان و كاری رووخاندن رابگرێت.

بەھۆی بەزۆرەملێ دەركردنی دانیشتوانی گەرەكی شێخ جەراح لە رۆژھەڵاتی قودس-ی داگیركراو ماوەیەكە گرژی و ئاڵۆزی روودەدا، جگە لەوە ھێرشی پۆلیسی ئیسرائیل بۆ سەر نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسا گرژییەكانی لەو شارە زیاتركردووە.

پۆلیسی ئیسرائیل لە ٧ی ئایاردا، لە كاتی نوێژی تەراویح بە بۆمبی دەنگی و فیشەكی پلاستیكی ھێرشی كردە سەر نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسا و بەپێی لێدوانەكانی مانگی سووری فەڵەستین-یش، لە ئاكامی رووداوەكاندا ٢٠٥ فەڵەستینی برینداربوون.