سەردێر

ئێران، زیاتر لە 18 هەزار تووشبووی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك-
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 18 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 18 هەزار و 408 كەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 351 كەسیش گیانیان لە دەستداوە، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆری تووشبوون و گیانلەدەستدان لە وڵاتەكەدا دەدانرێت.
بە وتەی سادات لاری”لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە تا ئەمڕۆ دوو شەممە 10ی ئایاری 2021، دوو ملیۆن 673 هەزار و 219 كەس لە ئێران تووشی كۆرۆنا بوون”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت، هەر بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تا ئێستا 75 هەزار و 261 كەس لە ئێران گیانیان لە دەستداوە و ئەوانەش كە تائێستا نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، گەیشتوونەتە دوو ملیۆن و 127 هەزار و 192 كەس.