سەردێر

هەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەی بنکەیەکی تەندروستی گەورە دانرا

خەڵک-ئارام سەردار
لەهەولێر بەردی بناغەی پڕۆژەی بنکەیەکی تەندروستی لەجۆری A دانرا، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى هەولێر ڕایگەیاند، زۆرینەی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لەبنکە تەندروستیەکە دەبێت، تەنانەت هۆڵی لەدایک بوونیش.
دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى هەولێر ڕایگەیاند،ئێمەسێ جۆر بنکەی تەندروستیمان هەیە، بنکەی تەندروستی لەجۆری A گەورەتر و فراوانترە لەجۆری بنکەکانی تر و بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستى کوردستان لەشارى هەولێر بنکەیەکی لەم شێوەیە دادەمەزرێت.
دەشڵێت، ئەم بنکە تەندروستیە فراوانە و چەند بەشێک لە خۆی دەگرێت و زیاتر لەسەر شیوەى نەخۆشخانەیەک دروست دەکرێت، کەچەندین بەش و خزمەتگوزاری جۆراوجۆری تێدایە تەنانەت ژووری نەشتەرگەری بچوک و هۆڵی لەدایک بوون و تاقیگەی پێشکەوتوو.
ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەکە بەشێوەی بەخشش لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی گەلیاوە بە تێچووى ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار لەسەر زەوییەک بە ڕووبەرى ٣٥٠٠ مەتر دووجا دروست دەکرێت و پێشکەش بە شارى هەولێر دەکرێت.