سەردێر

داوای جێبەجێكردنی یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەكان دەكرێت

 

سلێمانی ـ نزار جەزا

لەساڵی 2015ەوە یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە، بەڵام تاكو ئێستا جێبەجێنەكراوە.

یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەكان لەپلانی چوار ساڵەی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم لەبڕگەی شەشەمدا جێگیركراوە، كە ئەگەر جێبەجێبكرێت هەنگاوێكی گرنگدەبێت لەبواری چاكسازیدا و داهاتەكانی نەوت شەفاف دەبێت، كە ئەمەش چارەسەری زۆر كێشە دەكات.

حسام حەكیم بەرزنجی، سەرۆكی ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەناوی هاوپەیمانی شەفافیەت و لێپرسینەوە، كە لە 70 ڕێكخراو و سەندیكا و كۆمەڵە پێكهاتووە و تۆڕی گەشەپێدانی پێڕەو، كە لە 40 ڕێكخراو و سەندیكا پێكهاتووە، داوای جێبەجێكردنی ئەم یاسایە دەكەن.

دەشڵێت: پەرلەمان و بەرپرسان و لایەنە سیاسییەكانیش پاڵپشتی ئەم یاسایەن، بەڵام كاری بۆ نەكراوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، حكومەتی هەرێم تاكو ئێستا هیچ وەڵامێكیان نەبووە، كە بۆچی ئەم یاسایە جێبەجێناكات.

باسی لەئەوەشكرد، بەهۆی ئەم یاسایەوە سوودی زیاتر لە داهاتەكان وەردەگیرێت و داهاتەكان شەفاف دەبن.

وتیشی: ئەگەر جێبەجێبكرێت، دەستكەوتێكی زۆر گرنگە.

ئەوەشی باسكرد، هەندێك هەنگاوی بۆ نراوە، بۆ نمونە كۆمپانیای دیلۆیت بۆ هەرێم هاتووە و وردبینی لەداهاتی نەوتی هەرێم دەكات و ساڵانە و چەند مانگ جارێك ڕاپۆرت بڵاودەكاتەوە، هەروەها وا بڕیارە لەپڕۆژە یاسای بودجەدا داهاتی نەوت بنوسرێت، بەڵام تاكو ئێستا ئەو سندوقە دروستنەكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەساڵی 2015ەوە یاساكە لەپەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو، كە دەبوو پاش 90 ڕۆژ جێبەجێبكرێت، بەڵام تاكو ئێستا جێبەجێنەكراوە.

لەماوەی ساڵی 2019ەوە تاكو ئێستا حەوت یاداشت بەجیا دراوە بە هەریەكە لەپارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها سێ یاداشت بەجیا پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان كراوە.

تاكو ئێستا لەهەرێمی كوردستان داهاتە نەوتییەكان شەفاف نییە، ئەمەش بۆتە كێشەیەك و بەردەوام داوای شەفافبوونی دەكرێت.