سەردێر

هەوڵ دەدرێت رۆژئاوای كوردستان بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات

خەڵك-

سەرچاوەیەكی نزیك لە نێوەندی بڕیاری ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند هەوڵ هەیە لەلایەن دیمەشقەوە بە نێوەندگیری روسیا بۆ بەشداریپێكردنی ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی سووریادا، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە.

سەرچاوەكە بۆ كەناڵی سكای نیوز رایگەیاند هەوڵ هەیە لەلایەن دیمەشقەوە بە نێوەندگیری روسیا بۆ بەشداریپێكردنی ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی سووریادا، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە، جارێ كاتیش ماوە بۆ رێككەوتنی هەردوولایەن، هەموو كارێكیش لە سیاسەتدا روو دەدات، بۆیە رەنگە رێككەوتن روو بدات.

بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە سووریا بەڕێوە بچن، ئەمە دووهەم هەڵبژاردنە لە سایەی جەنگی نێوخۆی درێژمەودادا دەكرێت.

جەنگ لە سوریا بووە بەهۆی مردنی نیو ملیۆن كەس، سەدان هەزار بریندار، نزیكەی 13 ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆ و دەرەوە، وێرانبوونی ژێرخانی وڵات.