سەردێر

شەڕی ئاو دەست پێ دەكات

خەڵك-ئارام سەردار

سەڕەڕای كەمی بەفر و باران لەمساڵدا توركیا و ئێران بەردەوامن لەكۆنتڕۆڵكردنی ئەو سەرچاوە ئاویانەی دەڕژێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەمەش مەترسی زۆری دروستكردوە، كە عێراق ڕووبەڕووی كارەساتی گەورە ببێتەوە.

ئاراس عەبدوڵا، چاودێری سیاسی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات بەرەو نەمان و وشك بوون دەچن، توركیا و ئێرانیش بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتیەكان ڕووباری دیجلە و فوڕات و لقەكانی، كە دەڕژینە ناو ئەم دوو ڕووبارە بەكاردەهێنن و دەبڕن.

دەشڵێت: “زەرەرمەندی یەكەم لەگرتنەوەی ئەو دوو سەرچاوە سەرەكیەی ئاو عێراقه و هەرێمی كوردستانیش لەم زیانە بێ بەش نابێت”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەگەر هەرێمی كوردستان و عێراق تایبەت لەڕێگای پێوەر و یاسا نێودەوڵەتیەكان هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە نەدات، عێراق ڕووبەڕووی كارەساتی گەورە دەبێتەوە بەتایبەت لەڕووی كشتوكاڵ و بەبیابانبوونی زیاتری خاكەكەی.