سەردێر

لە هەرێم 111 هەزار كەس خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین تۆماركردووە

خەڵك-ئارام سەردار

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 111 هەزار كەس خۆیان تۆماركردوە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و ژمارەكەش بەردەوام زیاد دەكات.

د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا خۆی كوتاوە و ڤاكسینی سینۆفارم-ی چینی وەرگرتووە.

ڕاشیگەیاند، لەئێستادا لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەگشتی بەرەوپێشچونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و لە ئێستادا هاووڵاتیان زیاتر بەدەم ئەو پرسەوە دەچن و ئەمەش جێگای دڵ خۆشیە و دەڵێت: “داواکارم لە هاووڵاتیان لەسیستمی ئۆنلاین تایبەت بەوەرگرتنی ڤاکسین خۆیان تۆماربکەن و چاوڕوانی کاتی وەرگرتنی ڤاکسین بن” .

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، تا ئێستا زیاتر لە ٩٠ هەزار ڤاكسین بەگشت جۆرەكانیەوە هاتۆتە هەرێم و تا وەكو ئەمڕۆش زیاتر لە ٧١ هەزار و ٦٢٩ ژەم ڤاكسین دراوە بە هاووڵاتیان، كە بەشێكیان دوو ژەمیان وەرگرتووە.

وەزارەتی تەندروستی بەردەوام جەخت دەكاتەوە لەوەی هاووڵاتیان دەكەین تۆماربكەن، چونكە بەدەر لەم ڕێگایە ڤاكسین نادرێت، لەتاك پارێزیش بەردەوامبن.