سەردێر

توركیا ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی كوردستانە

چاودێرێك: مامەڵەی حكومەتی بەغدا لە حكومەتی هەرێم كوردانەترە

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، توركیا هەرگیز لە ڕەهەندێكەوە كاری نەكردووەو خاوەنی ستراتیژێكی خۆیەتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

ماجید خەلیل چاودێری سیاسی و شارەزای بواری توركیا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشینەی بیركردنەوەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیمانە نەتەوەییەی كە دەیەوێت جارێكیتر ئەم سنوورە بگەڕێتەوە نێو چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی خۆی، ئەمەش ناشارنەوە.

وتیشی”دەسەڵاتدارانی توركیا دەڵێن ئەوەی پێی دەوترێت ویلایەتی موسڵ و كەركوك و هەرێم بە بەشێك لە وڵاتی خۆیانی دەزانن، لە ڕۆژنامەكانی خۆشیان باس لە فەرامۆشكردنی وڵاتی خۆیان دەكەن و خۆیان سەرزەنشت دەكەن كە تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەم سنوورە بخەنەوەسەر وڵاتی خۆیان، بۆ ئەم حاڵەتەش لە هەرێم بچوكترین پەرچەكردار نییە، لێدوانێك وەڵامدانەوەیەك نییە نە لەسەر ئاستی حزبی نە لەسەر ئاستی حوكمی”.
راشیگەیاند لە هیچ شوێنیكی دونیادا نەبووە هێزێك لە پەناتدا داوای خاكەكەت بكات تۆ وەڵامت نەبێت بۆی.
ڕوونیشیكردەوە، توركیا بۆ بەدەستهێنانی ئەو مەرامە مێژووییەی خۆی كە هەیەتی گەلێك ڕێگا دەگرێتەبەر، یەكێك لەو ڕێگایانە دروستكردنی ناوچەی ئارام بوو لە ساڵی 1991 كە توركیا لە پشتیەوە بوو، كاتێك ئەم ڕێرەوەی دروست كرد كۆمەڵێك ئامانجی هەبوو، یەكێكیان ئەوەیە ناوچەكە بكرێتە ئامرازیك بۆ خەفەكردنی خەباتی نەتەوەیی كوردان لەباكور، یەكێكیتر لە هۆكارەكان بۆ ئەوەیە بیكاتە داردەستێك بۆ فشار خستنەسەر بەغدا، بەشێوەیەك ئێستا هەڵوێستی حكومەتی عێراق كوردانە ترە بەرامبەر توركیا تاكو حكومەتی هەرێم.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، توركیا گەلێك ڕێگای دیكە دەگرێتەبەر بەشێوەیەك دەزگا هەواڵگرییەكەی ڕوونە، گەلێك دامەزراوەیان هەیە كە خزاونەتە نێو حزبەكان و گوند و شارەكانی هەرێم، ڕێگای بازرگانییەكەی توركیامان بۆ دەركەوت كە چ كارتێكی بەهێزیان هەیە سەبارەت بە هەرێم لە داخستنی سنورەكان و برسیكردنی خەڵكی هەرێم، ئەوان دەڵێن كلیلی ئابووری ئێوە لەدەستی ئێمەیە، لە 24 كاتژمێر نەوتی هەرێم ڕابگرن دەزانین چ ئافاتێك بۆ ئەم سەرزەمینە دروست دەبێت.
ئەو چاودێرە ڕاشیگەیاند، ڕێگای ئاوییان تاقیكردوەتەوە كە دیسانەوە ئەو پڕۆژەیەی لە 80 و 90ەكانی سەدەی ڕابردوو دەستیداوەتێ ئایندەیەكی مەترسیداری بۆ ناوچەكە و سەرچاوە ئاویەكانیشمان هەیە و ڕێگای تریشیان هەیە كە ئەگەر بە ژەهرخواردكردنی خەڵكی كوردیش بێت لەڕێ ئەو ئەمنییە خۆراكە خراپەی كە هەمانە ئەوان گورزی خۆیان وەشاندووە، ئێمە لەپەنا دراوسێیەكداین كە هیچ ئەركێكی دراوسێەتی بەجێنەهێناوە و ئێمە بە نەخۆشیەكی كوشندەی خۆی دەزانێت لە هەركاتێك بێت ئامادەیە بۆ نەشتەرگەریكردنی ئەو حاڵەتە، ئەمەش لە دیدی سیاسی خۆیدا هەیە.