سەردێر

کۆرۆنا، هیندستان پەک دەخات

تە نیا لە یەک ویلایەت، لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 950 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە

خەڵک

تا دێت کۆرۆنا تەنگ بە هیندستان ‌هەڵدەچنێ، بۆ ڕۆژی چوارەم لەسەر یەک، کۆی ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە ڕوو لە هەڵکشانە، بۆ بەرگرتن لە تەشەنەی زیاتری ڤایرۆسەکەش، زۆربەی ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە ڕێوشوێنێکی توندو دابڕانی گشتیان سەپاندووە.

 

وەزارەتی تەندروستی هیندستان، ڕایگەیاندووە؛ لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 4092 کەس بە هۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە و بەو ژمارەیەش کۆی گشتی گیانلەدەستدان بەرز بووەتەوە بۆ 242 هەزار و 362 کەس .

 

هاوکات، ژمارەی تووشبووان لەو ماوەیەدا 403 هەزار و 738 کەس بووە و بەو ژمارەیەش کۆی گشتی تووشبووان لە هیند گەیشتە 22.3 ملیۆن کەس.

 

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن؛ گومانیان لە ژمارە ڕاگەیەنراوەکان لە هیندستان هەیە و پێیان وایە، ئەم شەپۆلە توندەی کۆرۆنا تا کۆتایی مانگی ئایار دەگاتە لوتکە.

 

لە کاتێکدا کە بارودۆخی شارەکانی نیودەلهی و بۆمبای جێگیر بووە بەهۆی ناردنی پێداویستی و ئۆکسجین و تەرخانکردنی شوێنی زیاتر بۆ مانەوە لە نەخۆشخانەکان، بەڵام ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە ویلایەتەکانی باشووری وڵات و ناوچە لادێ نشینەکان بڵاو دەبێتەوە.

 

لە ئێشتاشدا ویلایەتی کارناتاکا، کە سەنتەرێکی گرنگی تەکنەلۆجیایە لە بەنگالور، لە ڕۆژی دووشەممەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە، دابرینی کۆمەڵایەتی گشتی و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆ ڕادەگەیەنێت .

 

لە بەنگالۆر، لە ماوەی مانگی ڕابردوو 1907 حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە و  تەنیا لە حەوت ڕۆژی یەکەمی مانگی ئایاریشدا زیاتر لە 950 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە.

جێی باسە، زۆریی ژمارەی مردنەکان بەهۆی کەمی ئۆکسجین و جێگاکانی چاودێری چڕەوەن.