سەردێر

مووشەكەكەی چین لە ئاسمانی هەرێم بینرا، لەكوێ‌ دەكەوێتە خوارەوە؟

خەڵك-
مووشەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووەكەی چین لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان بینرا و تا ئێستا نازانرێت لەكوێ‌ دەكەوێتەخوارەوە.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە شەوی پێنج شەممە ڕووناكی مووشەكەكەی چین لە ئاسمانی شاری كەلار بینراوە، بەڵام بەهۆی بوونی هەور و خێرایی زۆری تێپەڕبوونی نەتوانراوە لە زۆربەی شوێنەكانی دیكە ببینرێت.

ڕاشیگەیاند، هیچ مەترسییەك لەسەر هەرێمی كوردستان و عیراق نیە و نەماوە، بۆیە لەكوردستان ناكەوێتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كەوتنە خوارەوەی مووشەكەكە بەتەواوی نزیك بۆتەوە یان سبەی یان دوو سبەی واتا ڕۆژی یەك شەمە كۆتا وادەیە دیاری كراوە بۆ كەوتنە خوارەوەی، بەڵام تائێستا نازانرێت لەكوێ دەكەوێنە خوارەوە و بەگوێرەی نەخشەكە بێت مەترسی لەسەر وڵاتانی ئەوروپایە و لەیەكیك لەوڵاتەكان یاخوود لە دورگەیەك دەكەوێتە خوارەوە.

جەختیشی كردەوە، بەگشتی پێویست بە دوودڵی و ترس ناكات و هیچ مەترسییەكی كەوتنە خوارەوەی مووشەك لەئارادانەماوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە دەسەڵاتدارانی سۆدان حاڵەتی لەناكاویان لە باكووری وڵاتەكە ڕاگەیاندووە بەهۆی مەترسی كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكە لە ناوچەكانی باكووری ئەو وڵاتە.