سەردێر

تەندروستی جیهانی دوابڕیاری لەسەر ڤاكسینەكەی چین ڕاگەیاند

خەڵك-

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) گڵۆپی سەوزی بۆ ڤاكسینی سینۆفارم-ی چین داگیرساند و جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: “ئەو ڤاكسینە لە هەرێم بەردەستە و بۆ هاووڵاتیان بەكاردەهێنرێت”.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، بەشێوەیەكی بەپەلە ڕێگای بە بەكارهێنانی ڤاكسینی سینۆفارم-ی دروستكراوی وڵاتی چین داوە، كە لەلایەن پەیمانگای بایۆ ئینستیوتی پەكین-ەوە بەرهەمهێنراوە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ڕێكخراوەكە بەشێوەیەكی بەپەلە ڕێگای بە بەكارهێنانی ڤاكسینی سینۆفارم-ی دروستكراوی وڵات چین دا، كە لە سەرانسەری جیهاندا شەشەمین ڤاكسینە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرهەمهێندراوە”.

لای خۆشیەوە، د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڤاكسینی سینۆفارم یەكێكە لەو سێ ڤاكسینەی، كە گەیشتۆتە عێراق و هەرێمی كوردستان و لەلایەن هاووڵاتییانەوە وەرگیراوە .

دەشڵێت: “بە بۆچوونی خۆم و بەشێك لە هاوكارانم بە یەكێك لە باشترین و كاریگەرترین ڤاكسینی ئەزانم بەبێ ئەوەی هیچ ماكێكی خراپی هەبێت”.