سەردێر

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داعش پلانی گەورەی بەدەستەوەیە

خەڵك
فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەڵێت، داعش لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی جوڵە سەربازیەكانی ترس و تۆقاندن بڵاو دەكاتەوە و پلانی پەلاماردانی هەندێك ناوچەی هەیە.

فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئاماژەبەوەدەكات، داعش پلانی پەلاماردانی هەندێك ناوچەی هەیە، بۆیە بایەخ بە چالاكیە سەربازیەكانی و بڵاوكردنەوەی لە ڕاگەیاندن دەدات، لەو ڕێگەیەوە ترس و تۆقاندن بڵاودەكاتەوە و پەیام بۆ لایەنگرانیشی لەنێو شاروشارۆچكەكان دەنێرێت.

لیوا محەمەد هەژار، جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە/حەمرین ی پێشمەرگە، بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، داعش لە دوای ساڵی 2017 بۆ ماوەیەك چووە سوڕی مت بوون و بێدەنگیەوە، دواتر دەستیكرد بە چالاكی و بڵاوكردنەوەی تەبلیغات و خۆ ڕێكخستنەوە، پاشان دەستی بەچالاكی سەربازی كردەوە.

دەشڵێت، ئێستا داعش چووەتە قۆناغی هەوڵدانەوە بۆ دەست گرتن بەسەر شوێن و ناوچەدا، هەندێك چالاكی تریشیان هەیە، وەكو ئەنجامدانی تەقینەوە و موشەك بارانكردنی هەندێك ناوچە.

فەرماندەكەی پێشمەرگە، ڕوونیكردەوە داعش تەنها لە چیاو ناوچە دوورە دەستەكان نین، بەڵكو لەناو شاروشارۆچكەكان خەڵكیان هەیە، پیشاندان و بڵاوكردنەوەی وێنەی چەكدارەكانیش لەكاتی بەربانگدا، ئەو گومانەی لادروستكردووین كە شتی گەورەیان بەدەستەوە بێت.

ئاماژە بەوەشدەكات، گومان هەیە پلانی پەلاماردانی هەندێك ناوچەیان هەبێت، گومانەكانمان زیاتر بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكانە، ئەوان دەیانەوێت كردەی تیرۆرستی گەورە بكەن، بەڵام نازانین بۆیان دەكرێت یان نا.

لیوا محەمەد هەژار، دەڵێت، لەكۆبوونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و هێزە ئەمنیەكاندا، بەبەشداری وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیاردراوە هەوڵی دروستكردنی هەماهەنگی لەناوچە كێشەلەسەرەكان بدرێت، لەپێناو كەمكردنەوەی مەترسیەكان لەسەر ئەو ناوچانە.