سەردێر

پێویستە یاسای چەك هەڵگرتن هەموار بكرێتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ

پارێزەرێك ڕایدەگەیەنێت، پێویستە یاسای چەك هەڵگرتن هەموار بكرێتەوەو پۆلیس و دەزگا ئەمنیەكانیش دەستكراوەتر بن لەدەستگیركردنی تۆمەتباران.

پارێزەر سۆران جەلال، لەبارەی هۆكارەكانی كوشتن بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دادگاكان ماددە یاساییەكان تایبەت بە دیاردەی كوشتن كە بریتین لە ماددەكانی ٤٠٥ و ٤٠٦ و ٤١١ وەكو خۆی جێبەجێ دەكەن، بەڵام ئەوەی ئێمە وەكو یاساییەك چاودێری دەكەین ڕووبەڕووبونەوەی لایەنی جێبەجێ كارە كە حكومەت و دەزگا ئەمنیەكانن تاوەكو ڕووداوی كوشتن ڕوونەدات.

وتیشی: ئەوانەی تاوانی كوشتن ئەنجام دەدەن دەبینین زیاتر ئەو كەسانەن كە چەك بەفەڕمی هەڵدەگرن وەكو كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان بەهەموو جۆرەكانیەوە، جگە لەوانەش كەسانێك هەن عەشایەرن و تاوەكو ئێستا بابەتی چەك لای ئەوان نەتوانراوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، هۆكارێكی تر بوونی كۆمەڵێك كەمووكوڕیە لەیاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ كە دەبێت هەمواربكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت دەست بەسەر چەكدا بگیرێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، ئێستا باس لەوەش دەكرێت كەوا جێبەجێ نەكردنی سزای لەسێدارەدان وایكردووە خەڵكێك سڵ لەكوشتن نەكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی كەسانێك هەن تاوانی كوشتنیان كردووە و لەلایەن بەرپرسێك یان عەشیرەتێك داڵدەدراوە ئەمەش هۆكارێك بۆ دووبارەبوونەوەی تاوان، بۆیە دەبێت دەزگا ئەمنیەكان دەستكراوەتربن لە جێبەجێ كردنی ئەركەكانیان، بەپێچەوانەوە كۆمەڵگا بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێ.