سەردێر

ئەمریكا و ئەڵمانیا ھەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە دەستگیركراوانی بادینان ڕاگەیاند

خەڵك

هەردوو كونسوڵخانەی ئەمریكا و ئەڵمانیا لە هەولێر ھەڵوێستی خۆیان لە بارەی بڕیاری دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەرێم بۆ پەسەندكردنی سزای دەستگیركراوانی بادینان ڕاگەیاند و پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی ڕادەبڕین دووپاتكردەوە.

كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “وڵاتەكەی پشتیوانی لە ئازادی ڕادەبڕین و ڕاگەیاندن دەكات و ئازادی ڕادەبڕین بەشێكە لە ناسنامەی وڵاتەكەیی و بەردەوام دەبن لە داكۆكیكردن لێی وەك بەشێك لە بەھا سەرەكییەكان”.

كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ڕوونیشیكردووەتەوە، “چاوەڕوانیان لە حكومەتەكان لە جیھاندا ھەیە ڕێز لە دیپلۆماتكارەكانیان بگرن، كە بە ھەمان شێوەی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ خەڵكی جۆرا و جۆر كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن كاروبارەكانیان بكەن”.

هاوكات، كونسوڵخانەی گشتی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر، نیگەرانی خۆی لە بڕیارەكەی دادگای تێھەڵچوونەوە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە:”بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری دادگای تەمییز لە دژی پێنج رۆژنامەوان و چالاكوانەكە دەڕوانێت. تێگەیشتن لە بڕیارەكەی دادگا ئاسان نییە، بەبێ لەبەردەستدابوونی بەڵگەیەكی ڕوون بۆ تاوانكارییەك مایەی سزادان بێت”.

كونسوڵخانەی گشتی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر جەختیشی كردووەتەوە:” ئێمە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت، بۆ دەركردنی بڕیاری لێخۆشبوون. گۆڕینەوەی ئازادانەی بیروڕا لەگەڵ ڕۆژنامەوانان و چالاكوانان بەشێكە لە كاری رۆژانەی دیپلۆماتكاران و هەروەها كاری ڕۆژانەی كونسوڵگەریی گشتییش. ئاماژەكردنەكەی ئەمڕۆی دادگا بە كونسوڵگەری نادروستە و پێچەوانەی ئەو گیانی پەیوەندییە دۆستانە و نزیكەی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستانی عیراقە”.