سەردێر

مامۆستایانی وانەبێژ شایستە داراییەكانیان وەردەگرن

خەڵك-
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، پێش جەژنی ڕەمەزان هەموو مامۆستایانی وانەبێژ شایستەی دارایی مانگی 12وەردەگرن، بۆ خەرجكردنی شایستەی دارایی وانەبێژان بۆ چوار مانگی ڕابردووش، لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند”بەهۆی ئەوەی لەمانگی 10 دەوام بەكەمی كرا هەروەها لەمانگەكانی 11و 12ش دەوام نەبوو، بۆ ئەوەی شایستەی وانەبێژان نەفەوتێ،‌ جەنابی سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا پارەیەكی دیاریكراو بدرێتە مامۆستایانی وانەبێژ”.

بە وتەی وەزیری پەوروەردە” پارەی ِمانگەكانی 10و 11ی وانەبێژان دراوە بۆ مانگی 12 دەستی پێكردووە بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەكیان وەریان گرتووه ‌و پێش جەژنی ڕەمەزانیش پارەی وانەبێژانی سەرجەم پەروەردەكان دەدرێت”.

لەبارەی پارەی وانەبێژان بۆ چوار مانگی ئەمساڵ، وەزیری پەروەردە وتی” لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆدەبینەوە، كە شایستەی دارایی وانەبێژان بۆ چوار مانگی ئەمساڵ ئایا هەر دیاریكراو(مەقتوع) دەبێ وەكوو سێ مانگی ساڵی ڕابردوو، یان به میكانیزمی تر دەبێت”.

بەپێی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ مانگەكانی 10و 11و 12ی ساڵی 2020 بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و سەروو بەكالۆریۆس، 300 هەزار دینار بۆ هەر مانگێك خەرج دەكرێت، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمیش، 250 هەزار دینار خەرج دەكرێت، ئەمەش لەكاتێگدا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 18 هەزار وانەبێژ هەن و شایستەی داراییان پێ دەدرێت.