سەردێر

داخرانی سنوورەكانی ئێران – هەرێم بەردەوامە

روونكردنەوە بۆ ئەو كەسانەی بە تەمای گەشتی ئێرانن بۆ جەژن

خەڵك

هاتووچۆی نێوان هەرێم و ئێران تا ئێستا ئاسایی نەبووەتەوە و بڕیارە لە 10 ی ئەم مانگە كۆبوونەوە بكرێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی دۆخەكە وەك خۆی بمێنێتەوە یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

شاخەوان ئەبو بەكر، بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، زیاتر لە مانگێكە هاتووچۆی نێوان وڵاتی ئێران و هەرێمی كوردستان بە بڕیاری ئێران ڕاگیراوە و تەنها ئەو كەسانەی نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی هەیە لەگەڵ ئەو كەسانەی كە خوێندكارن دەتوانن سەفەر بكەن.

شاخەوان ئەبوبەكر باسی لەوەشكرد، ئەو بڕیارە جمەوجۆڵە بازرگانییەكان ناگرێتەوە و لەهەموو كاتەكاندا ڕێگەپێدراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە 10 ی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەك دەكرێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت كە ئایا دۆخەكە بەمجۆرە دەمێنێتەوە یان گۆڕانكاری تێدا دەكرێت.

بەردەوامی داخرانی سنوورەكان لەكاتێكدایە كۆمپانیاكانی بواری گەشتیاری لە ماوەی رابردوو گرووپی گەشتیاری زۆریان ئامادەكردووە تا بۆ جەژن بچنە ئێران، ئەو كەسانە ڤیزایان وەرگرتووە و پارەی گرووپی گەشتیاریشیان لێوەرگیراوە.