سەردێر

ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان ئومێد بەخش نییە

هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان لە ئاست خواستی ئێستادا نییە

خەڵك
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانی كوردستانیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژارنەكانی پەرلەمانی عێراقدا ڕاگەیاند، بەڵام چاودێران دەڵێن ئەمجۆرە هاوپەیمانیكردنە لە ئاست خواستەكانی ئەم قۆناغەدا نییە.
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونیەوە چەند ڕێككەوتنێكی لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا كردووە، بەڵام زۆرینەیان شكستیان هێناوە یان بەشێكی كەمیان جێبەجێكراوە.

عادل عوسمان، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند،
سەركەوتنی ڕێككەوتنەكان پەیوەستە بە ئامانجە شاراوەكانی پشتی ڕێككەوتنەكان هێزە سیاسییەكان بە تەنها ناتوانن بڕیار لەسەر پێكەوەبوون بدەن.

وتیشی، هێزە سیاسییەكان لەنێوخۆیاندا ئەوەندە پارچە پارچەن كە كۆمەڵێك ناوەند هەن لەبەرامبەر ڕێككەوتنە گشتییەكاندا دەوەستنەوە و ناهێڵن ئەو ڕێككەوتنانە سەركەوتن بەدەست بێنن.

دەشڵێت، ئەگەر هێزە سیاسییەكان بیانەوێت بەڕاستی پرۆسەیەكی دیموكراتیك سەربخەن دەبێت پەیوەست بن بەبڕیارداریەكی جددیەوە و پڕۆژە ی دیموكراتی جدی پێشبخەن لە گەڵ هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی سیستەمی دەسەڵاتدارێتیدا.

“هێزە سیاسیەكان كار بۆ دەستكەوتی خۆیان دەكەن”

عادل عوسمان، ئاماژەی بەوەشكرد، كوردستان لە دۆخێكی ئاڵۆزدایە و ئەو پارتە سیاسییانەی كە هەن هەر یەكەیان لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕۆژدا كار دەكەن كە چۆن بتوانن دەستكەوتی زیاتر بۆ خۆیان بەدەستبێنن.

دەشڵێت، كوردستان پێویستی بە سیاسەتێكی دیموكراتیكە كە هەموو هێزەكان بەڕۆحیەتێكی پێكەوەیی ڕووبەڕووی ئەو هێرش و داگیركاریانە ببنەوە كە دەكرێتە سەر هەرێمەكە.

“هاوپەیمانێتی چارەسەر نییە”

ئەو چاودێرە دەڵێت، هاوپەیمانێتی نێوان لایەنە سیاسییەكان ناتوانێت چارەسەری دەردی سەختی كورد بكات، چونكە گەلی كورد پێویستی بە دیموكراسیبوونی خۆی هەیە لە چوارچێوەی بەرەیەكی تێكۆشان كە تێیدا هێزە دیموكراتخوازەكان و ئەو هێزانەی ئەركی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیان لەسەر شانە بێنە پاڵ یەك و بتوانن گرفتەكان چاك بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، تەنها یەكێتی و گۆڕان نین بەڵكو هێزی سیاسی دیكەش هەن كە لە دەرەوەی سیاسەتی فەڕمین و پێویستە حسابیان بۆ بكرێت و گوێیان لێبگیرێت.

ڕاشیگەیاند، سیاسەتێكی داگیركاری لە باشووری كوردستاندا بەڕێوە دەبرێت، چۆن دەتوانین كۆتایی بەو سیاسەتە خراپانە بهێنین و چارەنووسی گەلی كورد دیاری بكەین ئەوە گرنگە.

“خەڵك لە دەنگداندا هەوڵوێستی دەبێت”

عادل عوسمان باسیلەوەشكرد، خەڵك لە پرۆسەی دەنگداندا هەڵوێستی دەبێت و سزای ئەو هێزە سیاسیانە دەدات كە بە خراپی سیاسەت دەكەن و بوونەتە هێزێكی كۆمەڵایەتی گەورە بەڵام ڕێكخراو نین.