سەردێر

شەڕ لەنێوان پەكەكە و پێشمەرگەدا رووی دا

وەزارەتی پێشمەرگە: گەریلا لە برادۆست هێرشیكردە سەرمان

خەڵك-

شەوی رابردوو شەڕ لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە ناوچەی برادۆست سەر بە شارەدێی سیدەكان لە سنوری شاری سۆران سەر بە پارێزگەی هەولێر رووی دا.

لەوبارەیەوە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا ئاشكرایكرد لە دەڤەری برادۆستی سەر بە ناحیەی سیدەكان، گرژی دروستبووەو چەكدارانی پەكەكە، هێرش دەكەنە سەر خاڵێكی هێزی پێشمەرگە.

بەهرام عەریف یاسین، فەرمانداریی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند “چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەی گردخێوەتی دەڤەری برادۆست، هێرشیان كردووەتە سەر ئەو خاڵەی هێزی پێشمەرگە، كە پێشمەرگەكانی سوپای باڵەك لە خاڵەكەدان و لە هێرشەكەدا چەكی ئارپیجی و بیكەیسی و چەكی سووكیان بەكارهێناوە”.

راشیگەیاند، هیچ زیانێكی گیانی لە ریزی هێزی پێشمەرگەدا نەبووە.

تا ئێستا پەكەكە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێكی لەبارەی ئەم شەڕەوە بڵاونەكردووەتەوە.

ئەمە بۆ چەندەمین جارە لە سنووری نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و گەریلا شەڕ روو دەدات، هەردوولایەن یەكدی بۆ دەستپێكردنی هێرش تۆمەتبار دەكەن.

لە شەڕەكانی رابردوودا كە روویانداوە كوژراو و بریندار بوون، بەڵام زانیاری ورد لەبارەی ئەم شەڕەوە بڵاونەكراوەتەوە.

ئەم شەڕە لەكاتێكدایە هێزەكانی گەریلا لە دەڤەری ئاڤاشین، مەتینا و زاپ لە بەرەنگارییەكی قورسدان لەگەڵ سوپای توركیا.