سەردێر

پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
دوای نزیكەی 6 ساڵ لە ڕاگرتنی، بڕیارە لەمساڵدا پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێبكاتەوە و دوای پەسەند كردنی بودجەی 2021 لە پەڕلەمانی كوردستان، وەزارەتی دارایی ڕێنمایی نوێ‌ بۆ پلەبەرزكردنەوە دەربكات.

لە ساڵی 2016دا و بە بیانووی قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاگرت، كە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە و بە یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960ی هەمواركراو و یاسای مووچەی ژمارە 22ی ساڵی 2008 چەسپێنراوە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، وەزارەتی دارایی نووسراوێكی دەربارەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەرزكردۆتەوە و تێدا داوای دەستپێكردنەوەی دەكات، بۆیە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەكاتی گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێم قسەی لەسەر بكرێت و لەدوای پەسەندكردنی دەستپێبكاتەوە و ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پەسەندكردنی بودجەی هەرێم لە پەڕلەمان و پەسەندكردنی لە سەرۆكایەتی هەرێم دەگاتە سەرەتای مانگی تەمموز و بڕیارە پێش پشووی هاوینەی پەڕلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و دواتریش لەگەڵ دەرچوونی ڕێنمایی دارایی بۆ جێبەجێ‌ كردنی، دەست بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بكرێتەوە.

هەرچەندە تا ئێستا بەڕوونی وردەكاری چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست (خەڵك) نەكەوتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە پلەبەرزكردنەوە بە ڕێنمایی نوێوە بۆ فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە، بەڵام پارەی پلەبەرزكردنەوەی ساڵانی پێشوو نادرێتەوە بە فەرمانبەران و تەنها پلە و قۆناغەكان ڕێكدەكرێنەوە بەپێی ساڵانی خزمەت.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم، بەلام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەك پەڕلەمانتار لە پەڕلەمانی كوردستان یاداشتیان بە واژۆی ژمارەی یاسایی پەڕلەمانتاران ڕادەستی سەرۆكایەتی پەڕلەمان كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی تایبەت لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و بانگهێشت كردنی وەزیری دارایی لەسەر ئەو پرسە، بەڵام هیچ ڕێكارێك نەگیرایەبەر.

پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، “بۆ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ساڵانە پێویستیان بە یەك ملیار دینار هەیە” و هاوكات لە دوو ساڵی ڕابردوودا پلەبەرزكردنەوە بۆ كەرتی سەربازی و ئەمنی كرایەوە، بەڵام تا ئێستا بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی نەكراوەتەوە.