سەردێر

ڕێنمیاییەكانی خۆراكی تەندروست بۆ جەژنی ڕەمەزان تا كێشت زیاد نەبێت

خەڵك –
پسپۆڕێكی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی ڕایدەگەیەنێت، دوای ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی جەستەی مرۆڤ ڕادێت لە سەر شێوازێكی دیاریكراو لە خواردن، كە دەبێتە هۆی ئەوەی خواردنی بڕێكی زۆر لە خۆراك لە ڕۆژانی جەژن و بەتایبەت نانی بەیانی یەكەم ڕۆژ كاریگەری نەرێنی هەبێت بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، دەشڵًێت: “بڵاوكردنەوەی وێنەی خواردن لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەبێتە هاندان بۆ زۆرخۆری”.

د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی لە هەژماری خۆی ڕایگەیاندووە، ڕێنمیاییەكانی ئێمە بۆ خۆراكێكی تەندروست لە جەژنی ڕەمەزان، ئەوەیە، كە نانی بەیانی ڕۆژانی جەژن هەمان خۆراكی پارشێوی مانگی ڕەمەزان یان هاوشێوەی نانی بەیانی ڕۆژانی پێش ڕەمەزان بێت، وەك نان و ماست، پەنیر، هێلكە، هەوڵ بدرێت خواردنی تەقلیدی بەیانی یەكەم ڕۆژ دوا بخرێت و نیوەڕۆ بخورێت.

دەشڵێت: “ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەیانی یەكەم خواردنی جەژن ئامادەكرا پێویستە ڕەچاوی چەند شتێك بكەی”.

ئەو دكتۆرە داواش لە هاووڵاتیان دەكات وێنەی خواردن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاونەكەنەوە، چونكە كەسانێكی زۆر هەن لەم وڵاتە كەم دەرامەت و هەژارن، هەروەها دەبێتە هاندان بۆ زۆرخۆری.

وەك ئەو پزیشكە ئاماژەی پێ‌ كردووە، بۆ ئەوەی كێشت زیاد نەكات پەیڕەوی ئەم ڕێنماییانە بكە:

1. خواردنی بڕێكی كەم لە برنج و شلە ؛ هەوڵ بدرێت یەك جۆر شلە بخورێت .
2. یەك جۆر گۆشت لێ بنرێت یان بخورێت و بڕی كەم و بێ چەوری و بەزی لێ بخورێت نەوەك گۆشتی سوور و مریشك و قەل هەمووی لە یەك كات ؛ ئەوەی تری هەڵگرە بۆ ژەم و ڕۆژەكانی تری جەژن ، هەڵبەت باشتریشە بیبەخشیت بە خێزانە كەم دەرامەتەكان .
3. یاخود بەیانیەكەی یەك یان دوو شیش گۆشت یان سینگی مریشك یان جگەری برژاو بخورێت لە جیاتی برنج و شلە .
4. خواردنی ژەمی نیوەڕوو و ئێوارە لە كاتی خۆی دا ، گرنگە ئێواران خواردنی سووك بخورێت .
5. خواردنەوەی بڕێكی زۆر لە ئاو لە نێوان ژەمەكان بەدرێژایی ڕۆژەكە بە تایبەت لەگەڵ بەرز بوونەوەی پلەی گەرما و زیاتر هیلاك بوون لە چاو ڕۆژانی ڕەمەزان .
6. خۆت بە دوور بگرە لە خواردنەوەی شەربەتی گیراوە و خواردنەوە گازیەكان ؛ ئەگەر حەزت لێكرد شەربەتی فریشی كەم شەكر بخورێتەوە .
7. دووركەوتنەوە لە خواردنی شیرینی و بڕێكی زۆر لە چەرس ، ئەگەر خواردت بڕێكی كەم لە چەرەسی كاڵ و كەم سوێری بخۆ.
8. خواردنی ــ خواردنی سەوزە و میوە زۆر گرنگە بە تایبەت ئەو جۆرانەی بڕێكی زۆر ئاویان تێدایە وەك ترۆزی ، خەیار ، كاڵەك ، مزرە سێو ، شووتی ، قەیسی ، هەوڵ بدە سێ جار لە نێوان ژەمەكان بیان خوێت ، ئەگەر حەزت لە شیرینی بوو ؛ میوەی شیرین بخۆ .
9. تا ئەتوانێت بە پێ سەردانی دراوسێ وكەس و كار و هاوڕێكانت بكە ، بۆ بینینان بچۆ ؛ نەوەك شت خواردن ، كەم دانیشە بە تایبەت ماڵێك نەخۆشی هەبێت ، هەموو ماڵەكان لە یەك ڕۆژدا مەچوو .
10. زۆر گرنگە شەوی پێش جەژن زوو بخەویت و ڕۆژانی تریش دوور بكەرەوە لە شەونخوونی ، دانیشتنی زۆر بە دیار تەلەفزێون و ئەنتەرنێتەوە .
11. پاڵنەكەوتن دوای خواردن لانی كەم بۆ ماوەی نیو سەعات ، هەوڵ بدە دوای نان خواردن نەخەویت ، ئەگەر زۆر خەوت هات پێش بانگی عەسر نیو سەعات بخەوە .
12. ئەگەر چوویت بۆ سەیران بۆ نان خواردن مەچۆ ؛ بۆ گەڕان و هەڵمژینی هەوای پاك بچۆ .
13. ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ؛ پێویستە زۆر ئاگاداری خواردنی دەرمانەكانیان بن لەكاتی خۆی دا لەگەڵ پابەند بوون بە پارێزی تایبەت بە نەخۆشیەكانیان. .
14. لە كاتی لێخوڕینی ئوتۆمبیل دوور بكەوە لە خێرا لێخوڕین بۆ پاراستنی ژیانی خۆت و كەسانی تر.
15. ئەگەر خوانەخواستە ڕێت كەوتە نەخۆشخانە ؛ ڕێزی كارمەند و پزیشكان بگرە و لێیان تووڕە مەبە بەڵام كەتەرخەمی قبوڵ مەكە .