سەردێر

مووشەكەكەی چین لە وڵاتی ئێمە دەكەوێتە خوارەوە؟

خەڵك-
شارەزایانی كەشناسی و گەردوونی پێشبینی دەكەن مووشەكە فەزاییە چینییەكە لە سەرلەبەیانی سبەینێ‌ پێنج شەممە، بەسەر كایەی ئاسمانی عیراقدا تێبپەڕێت.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، موشەکە چینیەکە 98 کیلۆمەتر دابەزیوە و نزیک زەوی بۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەدەوری شام و کوردستان و عێراق و تورکیا دەخولێتەوە.

لای خۆشیەوە، سادق عەتیە، كەشناسی عیراقی لە نووسینێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) نووسیویەتی”پێشبینی دەكرێت مووشەكە چینییەكە لە سەرلەبەیانی سبەینێ‌ پێنج شەممە، بە بەرزایی نزیكەی 150 كیلۆمەتر بەسەر ئاسمانی شارەكانی ناوەڕاست و باكووری عیراقدا لە كاتژمێر 03:25 تێبپەڕێت و ماوەی تێپەڕینیشی زۆر خێرایە و تەنیا 3 چركە لە بەری خۆرئاواوە دەخایەنێت”.

پێشتر فەرماندەیی هێزە فەزاییەكانی ئەمریكا رایگەیاند، چاوەڕوان دەكەن مووشەكە لەكۆنترۆڵ دەرچووەكەی چین، لە كۆتایی هەفتە بكەوێتەسەر زەوی و بەردەوامیش دەبن لە چاودێریكردنی رێڕەوی ئەو مووشەكە.

هەفتەی رابردوو، چین بەمەبەستی رەوانەكردنی پارچەكانی وێستگەی ئاسمانییەكەی مووشەكێكی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد، پاش ئەوەی مووشەكەكەش لە كۆنترۆڵ دەرچوو، بەشێكی پارچەكانی لە بەرگەهەوادا سووتان و لەئێستاشدا و نیگەرانی هەیە لە كەوتنەخوارەوەی هەندێك لە پارچەكانی مووشەكەكە بۆسەر زەوی كە كێشەكەی 22 تەنە.