سەردێر

مەترسی وشکبوونی سەوزاییەکانی سلێمانی هەیە

سلێمانی – نزار جەزا

بەهۆی ئاونەدان و بێخزمەتییەوە بەشێک لەسەوزاییەکانی سلێمانی وشکبوون و لەماوەی دوو هەفتەی رابردووشدا دوو هەڵمەت بۆ پاراستنی ئەم سەوزاییانە راگەیەندران، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی ئەم شارە مەشێوێنن دەڵێت: ڕۆژانە بەفەردە داهات کۆدەکرێتەوە بەڵام لەخزمەتی سلێمانیدا بەکارناهێنرێت.

هێمن غازی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی ئەم شارە مەشێوێنن، بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠ دا ژمارەیەک هەڵمەتیان بۆ لابردنی قەرەجی لای ترفیکەکان و چارەسەری وشکبوونی سەوزایی ناو پارکەکان و باخچەی نێوان شەقامەکان کردووە، بۆیە ئەمساڵیش هەڵمەتێکی دیکەیان بۆ پاراستنی سەوزایی باخچەی نێوان شەقامەکان ڕاگەیاند.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ڕۆژانە لەزۆرێک فەرمانگەی حکومی لەسلێمانی بەفەردە داهات کۆدەکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ لەو داهاتانە بۆ خزمەتی پڕۆژە ستراتیژییەکانی سلێمانی خەرجناکرێت.

باسی لەئەوەشکرد، تاکو مانگی پێنج یان شەش ئەو پارک و سەوزاییانەی لەسلێمانی هەیە وشک دەبن، ئەگەر ئاونەدرێن و لایەنە بەرپرسەکان نەیەنە سەر هێڵ.

ئەوەشی خستەڕوو، دەروازەی سلێمانی ڕێگای سلێمانی کەرکوکە، کە باخچەی نێوان شەقامەکانی بەتەواوی وشک بوون، ناکرێت دەروازەی شارێک بە وشکبوون دەستپێبکات.

وتیشی: وەک ڕێکخراوی لاوانی سۆشیال دیموکرات دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە دەنگی نارەزایەتی هاوڵاتییان و شارەوانی و باخچەکان بگەیەنینە حکومەتی هەرێم.

ئەوەشی باسکرد، حکومەت دەتوانێت ئەرکی ئاودان و خزمەتکردنی ئەو سەوزاییانە بداتە کۆمپانیایەک.

ئاماژەی بەئەوەشدا، نەبوونی پلان و بەرنامە و ئیدارەیەکی گونجاو وایکردووە، حکومەت کەمتەرخەمبێت، ئەگەرنا ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە دەتوانرێت خزمەتبکرێت.

دەشڵێت: سلێمانی بەتەواوی فەرامۆشکراوە، بەجۆرێک لەشارەکانی دیکە خزمەتی زۆر زیاتر دەکرێت و پڕۆژەی گەورە و ستراتیژییان بۆ دروستدەکرێت، بەڵام لەسلێمانی ناکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەگەر حکومەت ئەو خزمەتە ناکات، جێگری سەرۆکی حکومەت سەر بەیەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، بۆیە داوایان لەقوباد تاڵەبانی کردووە، ساڵانە بودجەیەکی تایبەت بۆ پاراساتنی ئەم سەوزاییانە دابینبکات.