سەردێر

ڕۆحانی هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر وڵاتەكەی ڕاگەیاند

خەڵك-

سەرۆك كۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، وەكو سەرۆكی وڵات بە دانیشتووانی وڵات ڕادەگەیەنم گەمارۆكان شكستیان هێناوە، ئەگەر هەموومان یەكگرتووبین بە زوویی گەمارۆكان هەڵدەگیرێن.
ئاژانسی ئیسنای ئێرانی بڵاویكردەوە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوار شەممە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتەكەی ڕایگەیاند، وەكو سەرۆكی وڵات ڕایدەگەیەنم كە گەمارۆكان شكستیان هێنا.
وتیشی”هەڵوێستی نوێنەرانمان لە كۆبوونەوەیان لەسەر ڕێككەوتننامەی ئەتۆم زۆر گەورە بووە و ئەگەر لایەنی بەرانبەر بە تەواوەتی بە یاسا كار بكات گەمارۆكان تەواو دەبن، چونكە تاكو ئێستا ڕێڕەوی ئێمە دروست بووە”.
ئاشكراشیكرد، ئەگەر خراپەكاری نەگاتە لای دانیشتوانی ئێران و هەواڵەكان بە دروستی بگەیەنرێن دەتوانین بڵێین ئەم بابەتە نیشانەی گەورەیی خەڵكی ئێران و نیشانەی ئەوەیە كە لایەنەكانی بەرانبەری ڕێكەوتنی ئەتۆم ئەوە تێگەیشتوون كە ڕێگایەك جگە لە گەڕانەوە بۆ یاسا و ڕێككەوتنەكان هیچ شتێكی تر بوونی نییە.
ڕوونیشیكردەوە، لە سەروبەندی ڤایرۆسی كۆرۆنادا بەڵێن بە دانیشتوانی ئێران دەدەین كە بە خێرایی ملیۆنان ڤاكسینی ناوخۆی و بیانی دەخەینە بەردەم هاووڵاتیان.