سەردێر

كورد لە كەركوك بە 3 لیست بەشداری هەڵبژاردن دەكات

"كورد بۆ جارێكیتر تووشی شكستی گەورە دەبێتەوە لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان"

خەڵك-

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، زەحمەتە لەم دۆخەدا متمانە بۆ دەنگدەری كورد لە كەركوك بگەڕێنرێتەوە.
هەرچەندە هەوڵێكی زۆردرا بۆ دروستكردنی یەك لیستی لە كەركوك، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی یەكێتی و پارتی نەگەیشتونەتە ڕێكەوتن و لە ئێستاشدا كورد بە سێ لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات لەو شارەدا، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە كورد بۆ جارێكیتر تووشی شكستی گەورە دەبێتەوە لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان.

حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چەندینجار لە كۆبونەوەكان باسی ئەوەمان كردووە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر جەماوەری كورد لەو شارە تۆراوە و زۆر بێمتمانەیە بەرانبەر حزبەكان.
وتیشی”چەندین بەیاننامە و ڕوونكردنەوەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە كە گلەیی لە حزبە كوردستانییەكان دەكەن كە خەڵكانێك كاندید دەكەن كە جێی متمانە نین و شایستە نین، لەبەرئەوە لەم دۆخەدا زەحمەتە گەڕانەوەی متمانە بۆ كورد لەو شارە”.
ئاشكراشیكرد، ئەم شارە ئێستا ئاوارەی هەولێر و سلێمانی بووە، دەبێت حزبە كوردستانییەكان چارەسەری بكەن.

وتیشی: بەداخەوە حزبەكان نەیانتوانی بگەنەڕێكەوتن بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش، دەبوو حزبەكان بەڕێكەوتن چەند بەربژێرێكی سنوردار بۆ ئەم هەڵبژاردنە دابنێن و سازشی تەواویان بكردایە نەك هەر حزبە و كاندیدی خۆی هەبێت، چونكە ئەم قۆناغە بۆ كورد زۆر مەترسیدارە.

ئاماژەی بەوەشكرد حكومەتی عێراق و پێكهاتەكانی تر دەیانەوێ بیسەلمێنن كە كورد ساختەكاری كردووە لە دەنگەكان و ئێستاش لەبەر ئەوەی كورد باڵادەست نییە ئەوە دەنگی ڕاستەقینەی خۆیانە.