خەڵك-
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، یەكێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا بەهاوپەیمانی كوردستان لەكەركوك و هەموو ناوچەكان بەشداریانكردووە، دەتوانم بڵێم بەشێكیش لەلایەنە سیاسیەكان پشتیوانن بۆ لیستی هاوپەیمانی كوردستان بۆئەوەی دەنگەكانی كورد لەكەركوك پەرش و بڵاونەبێتەوە، بەڵام پارتی بەتەنها بەشداریكردووە.
ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، هەرچەندە كارمان بۆ یەك لیستی كرد، بەڵام پارتی نەدەهاتە نێو كۆبوونەوەكان و پەكی كەوت، بەڵام كۆمەڵ و یەكگرتوو پاڵپشتی و پشتیوانن لەبەر بەرژوەندی میللەتەكەمان بەسوپاسەوە بۆئەوەی دەنگی كورد پەرش و بڵاو نەبێت.
سەبارەت بە نیگەرانی لایەنەكانی دیكە لە پێكهێننانی هاوپەیمانی كوردستان، ناوبراو ڕایگەیاند، ئەو هاوپەیمانێتیە بۆ یەكڕیزی و تەباییە بڕواناكەم هیچ هێزێكی سیاسی بەپارتیشەوە سەغڵەت ببێت.
ئاشكراشیكرد، ئێمە و گۆڕان لەیەك هاوپەیمانێتیداین، ناشتوانین پێش هەڵبژاردن كورسی بدەین بەهیچ لایەنێكی سیاسی، بەڵام بەیەكەوە لەهاوپەیمانیەك قەوارەیەكی سیاسیمان تۆماركردووە و لەهەموو شوێنەكانی دیكە بەیەكەوە كاردەكەین.