سەردێر

مەترسییەكی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا كرا

خەڵك-

پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشی سییەكان و هەناسەدان ڕایدەگەیەنێت، پێدەچێت كۆرۆنا ببێتەهۆی سەرهەڵدانەوەی سیل.

كاوە فەرەج پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشی سییەكان و هەناسەدان ڕایگەیاند، خۆپارێزی لە كۆرۆنا و سیل هەمان شتە، بەهۆی ئەوەی هەردووكیان تووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبن و نیشانەكانیان وەك یەكە وەك كۆكە و پژمین و هەناسەتوندی.

وتیشی”لە زۆرێك لە ڕاپۆرتە جیهانییەكان تێبینی ئەوەیان كردووە كە نەخۆشی كۆرۆنا دەبێتەهۆی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشی سیل، چونكە بەرگری كۆئەندامی هەناسە كەم دەكاتەوە، بەشێوەیەك ئەو كەسەی پێشتر نەخۆشی سیلی هەبووە و بە تەواوەتی چاك نەبووبێتەوە و ئەگەر تووشی كۆرۆنا ببێت، كارێكی وا دەكات سەرلەنوێ كەسەكە تووشی سیل ببێتەوە”.

ئاشكراشیكرد، مەترسییەكیتر ئەوەیە ئەگەر هەیە كەسێك پێشتر تووشی نەخۆشی سیل نەبوبێت، ئەگەر هەیە كۆرۆنا وابكات تووشی نەخۆشییەكیتری بكات، بەتایبەت ئەگەر كەسێك لە خێزانەكەی تووشی سیل بووبێت.

وتیشی: خۆپارێزی لە كۆرۆنا و سیل لە ڕێی ئەو ڕێنماییانەوەیە دەبێت كە باس دەكرێت وەكو بەستنی دەمامك، هەواگۆڕكێ، چونكە ئەو میكرۆب و بەكتریایە بەرگەی تیشكی خۆر ناگرێت.