سەردێر

ئێران: ئامادەین لە هەر ئاستێك بێت گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە بكەین

خەڵك

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتیدەكاتەوە: وڵاتەكەی لە پێناو چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان ئامادەیە لەسەر هەر ئاستێك بێت گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە دەستپێبكات.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: گۆڕانی وتەی لێپرسراوانی باڵای سعودیە بەرامبەر بە ئێران، هاوكار دەبێت لە كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان تاران و ڕیاز.

جەختیشی كردەوە: چارەسەركردنی ڕاستەقینەی كێشەكان كاتێك دەبێت ئەو وتارانە بكرێنە كردار.

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كاتێكدایە، پێشتر، محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدابوو: وڵاتەكەی دەیەوێت كێشە و گرفتەكانی لەگەڵ ئێران چارەسەر بكات و هەردوو وڵات پێكەوە كاری هاوبەش لە ناوچەكەدا بكەن.