سەردێر

یەكێتی سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-
هاوسەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتماینی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێكی نیشتیمانی دەبینێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان.

هاوسەرۆكایەتی یەكێتی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆكی ھەرێم، گفتوگۆ كرا دەربارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان و دۆخی سیاسیی ئێستا و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی نووسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان.

ڕاشیگەیاندووە، جەختكرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنە و پێویستی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان و لێكتێگەیشتنی هاوبەش و كاری پێكەوەیی لە پێناو درووستكردنی متمانەیەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێككەوتنە ئیمزاكراوانەی، كە لە نێوان لایەنەكان هەیە بە تایبەت لەسەر بابەتە نیشتیمانی و ستراتیژییەكان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان.

جەختكرایەوە لەسەر، “درووستكردنی كەشێكی ئارام و وەلانانی كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكان و دۆزینەوە و دیاریكردنی چوارچێوەیەكی هاوبەش، كە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەكان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكان و بەرگریكردن لە مافەكان”.

هاوسەرۆكایەتی یەكێتی دەشڵێت: “سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان كرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی، كە دەیبینێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان، هاوكات ڕووناكیمان خستە سەر ئەو كێشە و گرفتانەی، كە بوونەتە مایەی قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕوانینی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانمان دووپاتكردەوە بۆ یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و هەر پڕۆژە و بڕیارێك، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات.