سەردێر

حكومەتی هەرێم بڕیارێكی بۆ پارەی ئاو و لێخۆشبوونی قەرزەكان دەركرد

خەڵك-
بەپێی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم، كرێی مانگانەی ئاوی خواردنەوە كەم دەكرێتەوە بەجۆرێك بەرزترین نرخی كرێی ئاو 45 هەزار دینار دەبێت بۆ یەك مانگ و بڕیاریشدرا بە هەمان پێوەر مامەڵە لەگەڵ قەرزی سەر هاووڵاتیان بكرێت و لە بەشێكی خۆش ببێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕێنماییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی هەمواركردۆتەوە و بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، كە بەرزترین ئاستی كرێی ئاو نابێت لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت.

ڕاشیگەیاندووە، “بڕیاری لێخۆشبوونیشی لە بەشێكی قەرزەكانی دا، وەك نموونە، ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بۆ چەند مانگێك بڕێكی زۆر پارەی بۆ هاتبێتەوە، لە كاتی دانەوەی قەرزەكەیدا هەر مانگەی 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، “ئەگەر هاووڵاتییەكی هاوبەشی ئاو، چوار مانگ قەرزاری ئاو بێت و كۆی قەرزەكەشی زیاتر لە یەك ملیۆن دیناریش بێت، تەنیا 180 هەزار لەو هاوبەشەی ئاو وەردەگیرێت، واتە لەكاتی دانەوەی قەرزەكە هەر مانگی 45 هەزار دیناری بۆ هەژمار دەكرێت و بڕی 820 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە و ئەمەش ڕێژەیەكی زۆر زۆرە و ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی ئەو هاووڵاتییەدایە”.

جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە هاووڵاتیان پێوەری ئاو ببەستن و بەپێچەوانەوە سزا دەدرێت و دەشڵێت: “ئەگەر هاووڵاتی پێوەری ئاو ببەستبێت لە قازانجی خۆیەتی، چونكە ئەو كات بەگوێرەی پێوەرەكە پارە دەدات، ئەگەر مانگی بایی 10 هەزار دینار ئاوی سەرف كردبێت هەر ئەوەندەی بۆ هەژمار دەكرێت و لە هەموو حاڵەتێكیشدا لە 45 هەزار دینار زیاتر وەرناگیرێت”.