سەردێر

بانكی ناوەندی بەهای دۆلار بەرزتر دەكاتەوە؟

خەڵك-
دوای ئەوەی بانكی ناوەندی عێراق بەهای یەك دۆلاری بۆ 1450 دینار بەرزكردەوە، لە ئێستادا بەهۆی كەم خستنەبازاڕی بڕی دۆلار بەهای ئەو دراوە بیانییە بەرامبەر دیناری عێراقی زیاتر بەرزبۆتەوە، بەڵام بانكەكە جەختی كردۆتەوە، كە ناهێڵن بەهای دینار زیاتر دابەزێت.

بانكی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی ئایار بڕی 175 ملیۆن و 214 هەزار و 174 دۆلاری بە زیادكردنی ئاشكرا فرۆشتووە بەنرخی 1460 دینار بۆ هەر دۆلارێك.

ڕاشیگەیاندووە، كە بڕی 135 ملیۆن و 614 هەزار و 174 دۆلاری بۆ حسابی بانكەكانی دەرەوە فرۆشتووە بەشێوەی حەواڵه و بڕی 39 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشتووە.

ئاشكراشی كردووە، پابەندن بە پاراستنی بەهای دیناری نیشتمانی و ناهێڵن نرخەكەی زیاتر دابەزێت.

ئەمە لە كاتێكدا،‌ دوێنێ بانكەكە زیاتر لە 178 ملیۆن دۆلاری خستبووە بازاڕەوە و بە وتەی شارەزایانی كاروباری دراو بە كەمكردنەوەی خستنەبازاڕی دۆلار نرخەكەی زیاتر بەرزدەبێتەوە و ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بە 148 هەزار و 250 دینار بووە.

یادگار حەسەن لە كۆمپانیای سەعید بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی دۆلار بۆ ئەمڕۆ سێ شەممە 4-5-2021، بەپێی بازاڕی گۆڕینەوەی دراوی بیانی لە شاری سلێمانی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 148 هەزار 200 دینار مامەڵەی پێوە كراوە.

بانكی ناوەندی یەك دۆلار بە 1450 دینار لە بانكەكە و 1460 دینار بە بانك و كۆمپانیاكان دەفرۆشێت و لە ناو بازاڕیشدا نرخەكەی بە 1470 دینار دیاری كراوە، بەڵام بەردەوام لەو نرخەی دیاری كراوە زیاتر دەفرۆشترێت.