سەردێر

وەزیرێكی هەرێم بڕیارێكی دەربارەی مووچە دەركرد

خەڵك-
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بڕیاری خەرج كردنی مووچەی بۆ بەشێكی زیندانیانی سیاسی دەركرد، كە بەهۆی پێداچوونەوە بە دۆسیەكانیان ڕاگیرابوو.

بەپێی فەرمانێكی وزاری، كە وەزیری كاروباری شەهیدان واژۆی كردووە، ئاماژە بەوەكراوە، “پاش وردبینی و پێداچوونەوە بە لیستەکانی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی بڕیاردرا بە بەردەوامبوون و خەرجکردنی مینحەی مانگانە وەک وەجبەی یەکەم بۆ (٦۳۹) زیندانی سیاسی، کە ماوەی۱٠ ساڵی مینحەیان تەواوکردووە و هیچ و مووچەیەکی تریان نییە”.

عەبدوڵڵا حاحی مەحمود، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفاركراوان ڕاشیگەیاند، لیژنەکانی چاکسازی بەردەوام دەبن بۆ پێداچوونەوە بە لیستەکانی زیندانی کراو و گیراوی تا ئەو کەسانەی شایستەن بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان مینحەی مانگانەیان بۆ خەرج بکرێت.

وەك لە فەرمانە وزارییەكەدا هاتووە، “دەبێت هەریەكەیان لەڕێگەی بایۆمەتری و بەڵێننامەی دادنووسەوە بیسەلمێنێت هیچ مووچە و مینحەیەكی تری نییە لە هەرێم و عێراق”.

بەهۆی جێبەجێ‌ كردنی یاسای چاكسازییەوە، ماوەیەكە مووچەی زیاتر لە 5 هەزار زیندانی سیاسی ڕاگیراوە و بڕیارە دوای وردبینی هەر زیندانێكی سیاسی مەرجەكانی ناو یاسای چاكسازی گرتیەوە مووچەكەی بۆ خەرج بكرێت.

No photo description available.