سەردێر

ماكگۆرك گەڕایەوە عێراق و هەرێمی كوردستان

خەڵك-
دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی لەلایەن ترەمپ-ەوە، كە چەند ساڵێك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بوو بۆ شەڕی داعش، برێت ماكگۆرك گەڕایەوە عێراق و لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆبووەوە و سبەینێ‌ دەگاتە هەرێم.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەقا كازمی، سەرۆك وەزیران پێشوازی كردووە لە برێت ماكگۆرك و شاندێكی باڵای ئەمریكا.

ئاماژە بەوەشكراوە، كە كازمی و ماكگۆرك باسیان لە هەماهەنگی و هاوكاری یەكتری كردووە لە سەرجەم بوارەكان و جەختیان كردۆتەوە لەسەر چالاك كردنی بڕیارەكانی دیالۆگی ستراتیجی.

جەختیشكراوەتەوە، كە سەرۆك وەزیران و شاندە ئەمریكییەكە گفتوگۆیان كردووە لەسەر هەماهەنگی زیاتر لەبواری تەندروستی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە سبەینێ‌ ماكگۆرك و شاندە باڵاكەی ئیدارەی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆببنەوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند “شاندەکەی ئیدارەی جۆ بایدن لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە و بەرپرسانی کۆشکی سپی پێکدێن، سبەینێ سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان دەبێت.”

لە ساڵی 2018دا و دوای جیاوازی بۆچوونەكانیان سەبارەت بە هێرشیی توركیا بۆ سەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی ماكگۆرك لە پۆستەكەی، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی جۆ بایدن، وەك سەرۆكی ئەمریكا دووبارە بڕیاریدا لە ئیدارەی نوێی ئەمریكادا پۆست بە ماكگۆرك بدات و وەك نوێنەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری كرد.