سەردێر

میسر ٣٠ فڕۆكەی جەنگیی لە فەڕەنسا دەكڕێت

خەڵك
میسر واژووكردنی گرێبەستێكی تایبەت بە كڕینی ٣٠ فڕۆكەی جەنگیی لە جۆری “Rafale” لەگەڵ فەڕەنسا راگەیاند.

تامر محەمەد ریفاعی، وتەبێژی سەربازیی هێزە چەكدارەكانی میسر، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر ئەوەی خستووەتەڕوو كە هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای فڕۆكەوانی “Dassault”ی فەڕەنسی واژوو كردووە.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، میسر لانیكەم پێویستی بە قەرزی ١٠ ساڵ هەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت تەواوی پارەی گرێبەستەكە بدات بە فەڕەنسا.

وتەبێژی سەربازیی هێزە چەكدارەكانی میسر لە درێژەی راگەیەندراوەكەیدا باسی لەوەشكردووە كە لە ساڵی ٢٠١٥دا گرێبەستێك لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ كڕینی ٢٤ فڕۆكەی جەنگیی جۆری “Rafale” ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی لێدوانی پێشووتری بەرپرسانی میسر ئەو ٢٤ فڕۆكە جەنگییەی گرێبەستی لەبارەوە واژووكرابوو لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥- ٢٠١٩ رادەستی هێزە چەكدارەكانی میسر كراون.