سەردێر

سزای بەندكردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان پەسەند كرا

خەڵك-

سزای بەندكردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان پەسەند كرا و داوا دەكرێت پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا بكرێت.

حاكم شێخ لەتیف لە هەژماری خۆی بڵاویكردەوە، بەداخەوە دەستەی سزایی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم كە لە پێنج دادوەر پێكدێن بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندكردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینانی پەسەند كرد.

ئاشكراشیكرد، ڕۆژێكی ڕەش و وەرچەرخانێكی ترسناك لە ڕووی بەكارهێنانی دادگا بۆ سزادانی سیاسی، ناوبانگی هەرێمیش زیاتر ناشیرین دەكات.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، تاقە رێگا مابێت ئەوەیە كە سەرۆكی هەرێم لەئاستی وتەكانی خۆی بێ و بڕیارێكی لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات، چونكە پێشبینی ناكرێ تازە دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوەش بڕیارەكەی بۆ بگۆڕێت یان بیەوێت بیگۆڕێت ئەگەر داوای ڕاستكردنەوەش بكرێ، ئەگەر گریمان سەرۆك ڕازیش بێ بیدات بەدەستەی گشتی.

ڕوونیشیدەكاتەوە، بڕیارەكەیان چاپ و ئیمزا نەكراوە، هیوادارین چاوی پێدابخشێنەوە دنیا ئەوەندەی بەبەرەوە نیە، چونكە باش دەزانن بێ گوناحن و تاوانیان نەكردوە، هەروەك چۆن دادگای تاوانەكانی دهۆك پێشتر لە كەیسی هاوشێوەی مامۆستا بەدەل بەرواری بڕیاریدابوو كە ئەوەی مامۆستا بەدەلی پێ تاوانبار كراوە تاوان نیەو دەچێتە خانەی ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتنەوە.