سەردێر

حزبەكان كڕین و فرۆشتن بە دەنگی ئەندامەكانیانەوە دەكەن

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، نەبوونی كاندیدی هەندێك حزب لە هەندێك ناوچە شیكردنەوەی ئەوەی بۆ دەكرێت دەنگی ئەو ناوچانە فرۆشرابن.

بەهۆی گۆڕانكاری لە شێوازی هەڵبژاردنەكانی عێراق و بوونی فرە بازنەیی حزبەكانی ناچار كردووە هاوپەیمانی لەگەڵ یەك بكەن ئەگەرچی سیاسەتیشیان لەیەك دوور بێت، لە هەرێمی كوردستانیش هاوپەیمانی ئاشكرا و نهێنی بوونی هەیە و حزبەكان بۆ بردنەوەی كورسی پەڕلەمانی هەنگاوی جۆراوجۆریان گرتووەتەبەر.

بەپێی بڵاوكردنەوەی ناوی ئەو كاندیدانەی لایەنەكان دیاریانكردووە بۆ بازنەكان، هەندێك لایەن كاندیدیان لە هەندێك ناوچە نییە، ئەمەش بەپێی بۆچوونی هەندێك لە شارەزایان، جۆرێك لە ڕێكەوتنی ژێر بە ژێری لایەنەكانە، بەڵام لەبەر هاووڵاتیان ئاشكرایناكەن، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە پێشتر دژایەتییەكی زۆری یەكتریان كردووە و ئێستا بەهۆی بوونی بەرژەوەندییەكانیان بوونەتە دۆستی یەكتر، بەڵام ئەم ڕێكەوتنە نهێنییە و ئاشكرا نەكراوە، لەو بارەوە عەبدوڵڵا ڕێشاوی چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بازنەییە و ئەو جۆرە شیكردنەوەی بۆ دەكرێت بۆ نەبوونی كاندیدی هەندیك حزب لە هەندێك ناوچە.
وتیشی”هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە كە حزبەكان داوایان لە حزبەكەیتر كردبێت دەنگەكانی بۆ ئەو بڕوات، بەڵام نەبوونی كاندید نیشانەی ئەوەیە كە ئەو حزبە دەنگەكانی خۆی لەو ناوچەیە چی لێدەكات ئەوە پرسیارە و شیكردنەوەی ئەوەی بۆ دەكرێت كە لەوانەیە ئەو دەنگانە فرۆشرا بن”.

ئاشكراشیكرد، ئەم بابەتە لە هەموو عێراقدا هەیە و زۆرێك لە حزبەكان كاندیدیان لە هەندێك شوێن نییە و لە هەندێك شوێن بە ئاشكرا هاوپەیمانیەتیان كردووە و لە هەندێك شوێن ڕانەگەیەنراوە، ئەوەش ئەو پرسیارە دروست دەكات كە ئەو دەنگانە بۆ كوێ دەچێت.