سەردێر

بازرگانان قەرزداری حكومەتن

لەكۆی928 ملیار دینار قەرز حكومەت تەنها 2 ملیار و 11 ملیۆن دینار ی وەرگرتۆتەوە

 

خەڵك-ئارام سەردار

ڕێكخراوی ستۆپ بە پشتیوانی ڕێكخراوی NEDی ئەمریكی سێیەم راپۆرتی هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازیی حكومەتی هەرێمی بڵاوكردەوە، لە كۆی 928 ملیار دینار قەرز كە لای بازرگانانانە، تەنها 2 ملیار و 11 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەت.

فەرمان ڕەشاد، سەرۆكی ڕێكخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان لەبارەی سێیەمین ڕاپۆرتیان لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بە(خەڵك)ی ڕایگەیاند، ئاستی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەگشتی خاوە و لە هەموو دامەزراوەكان بە یەك ئاست كار لەسەر جێبەجێكردنی یاساكە ناكرێت، بەتایبەت لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ پڕۆسەكە خاوترە و لە پرسی خانەنشینیانیش، مەلەفی خانەنشینی پلە باڵاكان زۆر خاو كاری لەسەر دەكرێت، هەروەها حكومەتی هەرێم پابەند نەبوە بە ناردنی راپۆرتی سێ مانگی بۆ پەڕلەمان لەكاتی خۆیدا، دەبو تا ئێستا سێ ڕاپۆرت بنێرێت بەڵام تەنها دوو ڕاپۆرت نێردراوە.

“بەشێك لەدامەزراوەكان داتایان نداوەتە دەستەی دەسپاكی”

بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی دەسپاكی دامەزراوەكانی (سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ ، دۆسیەی هێزەكانی ئاسایش) هیچ داتایەكیان ئاڕاستەی دەستەی دەسپاكی نەكردووە لەبارەی جێبەجێكردنی یاساكە، هەروەها سندوقی خانەنشینی فەرمانبەران هێشتا كارا نەكراوە.

“دووملیار قەرز گەڕاوەتەوە”

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە لەپرسی گێرانەوەی قەرزەكان بەگوێرەی ڕاپۆرتی دووەمی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە لە كۆی 928 ملیار دینار قەرز كە لای بازرگانانە، تەنها 2 ملیار و 11 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەت.

ئەو ڕێكخراوە دەشڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە وەرگرتنی باج لە 820 كۆمپانیای بواری نەوت هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام بەڕوونی ئاماژە بە دەسپێكردنی وەرگرتنی باج لەو كۆمپانیایانە نەكراوە، جگە،لەوەش تائێستا سندوقی داهاتە نەوتیەكان دروستنەكراوە و ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەگشتی تاكو ئێستا خەرجیەكانی نەوت زۆرە، بەگوێرەی دواین راپۆرتی دیلۆیت تەنها 29%ی داهاتی نەوت بە سافی بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی دەگەرێتەوە.

كەیسی گێڕانەوەی موڵك و ماڵی گشتی؛

بەگوێرەی بەدواداچونەكانی ڕێكخراوەكە كەلەڕاپۆرتەكەدا ئاماژەیان پێكردوە تا ئێستا لە پرسی گێڕانەوەی موڵك و ماڵی گشتی، حكومەتی هەرێم هەنگاوی ئەوتۆی نەناوە، بە پێچەوانەوە هێشتا ئاسانكاری بۆ سود وەرگرتنی خراپ لە موڵك و ماڵی گشتی بەردەوامە.

هەروەها لەپرسی زێدەڕۆیی سەر زەوی و زاری كشتوكاڵی، ئەوەخراوەتەڕوو سەرووی 99 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی و دارستان و بەردەڵان لە هەرێمی كوردستان زێدەڕۆیی كراوەتە سەر، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵ هەنگاوێكی ئەوتۆیان بۆ چارەسەری ئەو دیاردەیە نەناوە، ئەگەرچی سەرەتای دەسپێكی كابینەی نۆیەم، دیاردەی دروستكردنی باخ (مەزرەعە) ڕاگیرا بەڵام ئێستا دووبارە دەستی پێكردۆتەوە.

یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری؛

ئەگەرچی پرسی شەفافییەت یەكێكە لە بەڵێنەكانی كابینەی نۆیەم، بەپێی ناوەڕۆكی سێیەمین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ستۆپ تاكو ئێستا یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، كە كاراكردنی هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ بەرجەستەكردنی شەفافییەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

 

فەرمان ڕەشاد، سەرۆكی ڕێكخراوەكە لەبارەی گرتنەبەری هەندێك هەنگاوی چاكسازی دەڵێت، ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان ئەگەرچی دواكەوتوە، بەڵام بە بڕیارێكی ئیجابی دەزانین، دوای نزیكەی هەشت ساڵ حكومەت بۆیەكەمجار پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەڕلەمان دەنێرێت، كاریگەری لەسەر زیاتركردنی شەفافییەت و بەهێزكردنی چاودێری پەڕلەمانی دەبێت.

وتیشی، گرنگە حكومەتی هەرێم بەلایەنی كەمەوە شەش مانگ جارێك ڕاپۆرت بۆ ڕای گشتی بڵاوبكاتەوە، بۆ ئاگاداربون لە كاروچاڵاكیەكان، هەروەها ئاستی جێبەجێكردنی كارنامەی چاكسازی كابینەی نۆیەم.