سەردێر

“پێویستە هێڵی هاوبەشی بەرگری هەبێت لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق”

خەڵك
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، داعش شانە نوستووەكانی زیندوو كردۆتەوە بۆیە پێویستە هێڵی هاوبەشی بەرگری هەبێت لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی ناوچەكان.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، داعش وەكو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی تەواو نەبووە و كۆتایی نەهاتووە وردە وردە خۆی ڕێكدەخاتەوە ڕێگاكانی هاتوچۆوكردنەكانی بەتایبەتی لەنێوان عێراق و سوریا دەروازەی تایبەتی خۆی هەیە دەتوانێت جوڵە بكات شانە نوستووەكانی زیندوو كردۆتەوە و دەیەوێت فشارێكی زیاتر بكات لەبەرئەوەی بیسەلمێنێت كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هەرماوە.

دەشڵێت، یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكانی پێشتری نێوان هەردوو لیژنەی باڵای هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بوو كە دەبێت لەهەموو ناوچەكانی ناكۆكی بەتایبەتی سەڵاحەدین و دیالە كەركوك و هەولێر و موسڵ هێڵی هاوبەشی بەرگری هەبێت لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، هێزی هاوبەشیش هەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە بەڵام هەنگاو نەنراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بابەتە لەبەرئەوەیە لێپرسراوانی باڵای هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە داوای چالاككردنی ئەو ڕێككەوتنانەی تر دەكەن كە پێشتر كراوە لە كۆبوونەوەكانی ئەو لیژنانە بۆئەوەی جێبەجێ بكرێت لەڕووی مەیدانییەوە.

ئێمە وەكو لیژنەی باڵا بەشداریمان لە كۆبوونەوەیەكی باڵای حكومەتی عێراق كرد بەسەرپەرشتی مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كە هەموو لێپرسراوانی دامودەزگا ئەمنی و لێپرسراوە سەربازیەكانی بانگهێشت كردبوو لەگەڵ ئێمەش وەكو وەزارەتی پێشمەرگە دیسان جەختكرایەوە هەنگاوی پەلە بنرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە و چاوەڕێی هەنگاوی كردارین لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.

فەریق ڕوكن جەبار یاوەر ئەوەشی وت” باسكردن لەپێكهێنانی هێزی هاوبەش هیچ پەیوەندی بەو هێرشەوە نییە بەتەنها كە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كرایە سەر پێشمەرگە ئێمە لە 2019 وە كە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی ئەو كاتە فەرمانێكی دەركرد لەفەرمانەكەیدا وادیاریدەكات ناوەندی هەماهەنگی هێزی سەربازی و ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دابمەزرێنرێت.